رێبەر ئەحمەد: زۆر روونە کە درۆنەکان لە کوێوە ئاراستە دەکرێن


وێستگەنیوز-

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئامانجی هێرشە درۆنییەکان ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستانە، دەشڵێت، "پێویستە کۆتایی بەم هێرشە تیرۆریستییانە بێت".


ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی تەمووزی 2025، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە بارەی هێرشە درۆنییەکان بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند، "زۆر روونە کە درۆنەکان لە کوێوە ئاراستە دەکرێن، کە هەمیشە شادەماری ئابووری هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هێرشە درۆنییەکان بە داخەوە کردەوەی تیرۆریستین، هەر لایەنێک لە پشت ئەو کارەوە بێت شەرمەزار دەبێت".

داواش دەکات حکومەتی عێراق سنوورێک بۆ ئەو هێرشە درۆنییانە دابنێت و ئەو لایەنانەشی لە پشت ئەو هێرشانەن، ئاشکرا بکرێن و بدرێنە دادگا.

رێبەر ئەحمەد وتی، "ئێمە بۆ رووبەڕووبوونەوە و وەستاندنی ئەو هێرشانە، هەماهەنگیی و کاری هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دەکەین، هەروەها داوامان لە هاوپەیمانانیش کردووە هاوکارمان بن لەو بارەیەوە".

ئەمەش لەکاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوودا، هێرشی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان بۆ سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت کێڵگە نەوتییەکان بەردەوام بوون.


PM:09:27:17/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت