قوباد تاڵەبانی بۆ باڵیۆزی تورکیا لە عێراق: داواکارین تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا بکاتەوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی تەموزی 2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە ئانل بۆرا ئينان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ کران.


بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بێت، لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە هەولێر بە ئامادەبوونی ئەرمان تۆبجو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێم بەڕێوەچوو، باس لە دواین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا، جێگری سەرۆک وەزیران پرۆسەی چەکدانانی پەکەکەی بە هەنگاوێکی مێژوویی ناوبرد و هیوای خواست هەنگاوەکانی دیکەی پرۆسەی ئاشتی بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت، لەم چوارچێوەیەشدا جەختی کردەوە لەسەر پشتیوانی حکومەتی هەرێم لە پرۆسەکە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرا و قوباد تاڵەبانی داوایکرد، تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا بکاتەوە.

لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆک وەزیران رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدای لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا زانی و رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان خوازیارە هەموو کێشەکانی لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستوور چارەسەر بکات"، باڵیۆزی تورکیاش خۆشحاڵی خۆی لە رێککەوتنەکە دەربڕی و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بە‌غدا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.


PM:06:51:17/07/2025








ئه‌م بابه‌ته 448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت