حکومەتی عێراق: پێویستە هەرێم تەواوی نەوتی بەرهەمهێنراوی رادەستی سۆمۆ بکات
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی تەموزی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
لە راگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "پێویستە دەستبەجێ هەرێم تەواوی نەوتی بەرهەمهێنراوی رادەستی سۆمۆ بکات، بۆ هەر بەرمیلێک کە بەپێی یاسای هەموارکردنەوەی بودجە وەریدەگرێت، پێشەکی 16 دۆلار (بە شێوەی کاش یان بە شێوەی ماددی) دەداتە حکومەتی هەرێم، بەمەرجێک بڕی وەرگیراو کەمتر نەبێت لەو 230 هەزار بەرمیلەی ئێستا لە رۆژێکدا، کە هەر زیادبوونێکی بەرهەمهێنان لە رێگەی لیژنەیەکەوە بۆی زیاد دەکرێت، لە ئەگەری وەستانی هەناردەکردن بە هەر هۆکارێک، تەواوی ئەو بڕە دەگەیەندرێتە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی".
ئاماژە بەوەکراوە، "رۆژانە 50 هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێم تەرخان دەکرێت، بەمەرجێک حکومەتی هەرێم پابەند بێت بە خەرجکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ ئەم بڕە و داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان دوای لێبڕینی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتنی دەگوازرێتەوە بۆ گەنجینەی فیدراڵی، لە ئەگەری پێویستییەکی هەرێمی، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەپێی پێویست بڕی بەرهەم بۆ هەرێم دابین دەکات، کە لە بەرهەمی پاڵاوتنی 15 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە رۆژێکدا زیاتر نەبێت، لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم پێویستی هەرێم بۆ بەرهەمە نەوتییەکان بۆ مەبەستی تەرخانکردن هەڵدەسەنگێنن، هەروەها لە ماوەی دوو هەفتەدا راپۆرتەکەی پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی دەکات بۆ پەسەندکردنی".
ئەوەشخراوەتەڕوو، "گروپێکی کارکردن لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دەستەی باڵای وردبینی فیدراڵی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دەستەی باڵای وردبینی هەرێم، بۆ پۆلێنکردن و وردبینیکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دیاریکردنی پشکی حکومەتی فیدراڵی پێکدەهێنرێت، لە مانگی ئایاری 2025، دەستپێدەکات، ئەمەش بەهای رێژەی داهاتی غەیرە نەوتی لەبەرچاو بگیرێت بەپێی ئەو هاوسەنگیانەی کە لە راپۆرتە هاوسەنگییەکانی نێوانیاندا ئاماژەی پێکراوە دەستەی باڵای وردبینی فیدراڵی و دەستەی باڵای وردبینی هەرێمی، لە بەرواری کاریگەری یاسای بودجەی گشتی فیدراڵییەوە، تیمەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا راپۆرتەکەی پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی دەکات بۆ پێداچوونەوە".
دەشڵێت، "لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم پێکدەهێنرێت بۆ تەواوکردنی خۆجێیکردنی مووچە لە هەرێم، بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، ئەم لیژنەیە لە ماوەی سێ مانگ زیاتر نەبێت ئەرکی خۆی تەواو دەکات و پارەدان لە کۆتایی ئەم ماوەیەدا تەنها بۆ مووچەی ناوخۆیی دەبێت".
ئەوەشخراوەتەڕوو، "تیمێک لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دەستەی باڵای وردبینی فیدراڵی پێکدەهێنرێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دەستەی باڵای وردبینی هەرێم، بۆ دیاریکردنی بڕی زیادە خەرجییەکانی هەرێم و چۆنیەتی چارەسەرکردنی بەپێی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵانی 2023، 2024، و 2025، راپۆرتی لیژنەکە دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی لە ماوەی دوو هەفتەدا و زیاتر لەو ماوەیە نەبێت".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی تەموزی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لێکتێگەیشتنی ههولێر و بهغدای لهبارهی مووچهی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان پهسهند كرد.
PM:05:15:17/07/2025
ئهم بابهته 612
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت