پەیجەکانی یەکێتی: بافڵ‌ تاڵه‌بانی‌ له‌ماوه‌ی‌ 74 كاتژمێر و 30 خوله‌كدا كێشه‌ی‌ مووچه‌ی‌ چاره‌سه‌ر كرد


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی تەموزی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لێکتێگەیشتنی هه‌ولێر و به‌غدای له‌باره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان په‌سه‌ند كرد.


لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە پەیجەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایانگەیاند، "بافڵ‌ تاڵه‌بانی‌، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ماوه‌ی‌ 74 كاتژمێر و 30 خوله‌كدا كێشه‌ی‌ مووچه‌ی‌ چاره‌سه‌ر كرد".

هەروەها پەیجەکانی یەکێتی ئاماژەیان بەوەکردووە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سوپاسی بافڵ تاڵەبانی کردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا.

وەک پەیجەکانی یەکێتیی بڵاویانکردووەتەوە، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە، "زمانی هەڕەشە سوودی نییە"، دەشڵێن، "بافڵ تاڵەبانی شوێن پێی باوکی گرتووەتەبەر".

سالار مەحمود، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەژماری تایبەت خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، "بافڵ تاڵەبانی نوێنەرایەتی کوردستانی کرد لە رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغد، بۆیە پێویستە ئەم سەرکەوتنە بکەینە بنەمایەکی پتەو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تر لەگەڵ بەغداو ببێتە هەوێنی یەکڕیزیی ناوخۆیی لە کوردستان".

هەروەها بەشێک لە هاوڵاتییانیش کە بە کۆمێنت بەشدارییان کردووە لە پۆستەکانی پەیجەکانی یەکێتیی و ستایشی هەوڵەکانی بافڵ تاڵەبانی دەکەن کە هۆکارێک بووە بۆ رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا و ناردنی مووچە، بەڵام بەشێک لە هاوڵاتییانیش دەڵێن، "ئەگەر نەوت و داهات تەسلیم نەکرایە بەغدا هەرگیز پارەی نەدەنارد".

هەروەها بەشێکی دیکەش لە هاوڵاتییان پێیان وایە هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییەی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان هۆکار بوون بۆ ئەوەی ئەم رێککەوتنە بکرێت و هەرێم بە مەرجەکانی بەغدا رازی بێت.

دوای کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام بافڵ تاڵەبانی رۆژی 15ی ئەم مانگە سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە لەبارەی پرسەکانی مووچە و نەوت و رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەت، دوای گەڕانەوەی جارێکی دیکە شەوی 16ی تەموز بافڵ تاڵەبانی جارێکی دیکە چووەوە بەغدا بۆ هەما پرس، ئەمڕۆش دوای پەسەندکردنی رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەرۆکی یەکێتی لە بەغدا گەڕایەوە.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو رێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی پێنج و شەش و حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەستپێبکات.


PM:04:29:17/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت