فیدراسیۆن: حكومه‌ته‌كانی عێراق و هه‌رێم چاره‌سه‌رێكی ریشه‌یی بۆ پرسی مووچه بدۆزنه‌وه
وێستگه‌نیوز-
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه فیدراسیۆنی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌سه‌ر به‌رده‌وامی پێشێلكارییه‌كان و تێكچوونی دۆخی ئه‌منی له هه‌رێمی كوردستان، راگه‌یه‌ندراوێكی ئاراسته‌ی رای گشتیی كوردستان و عێراق و داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی عێراق و نوێنه‌رایه‌تیی وڵاتان و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كرد و تیایدا هاتووه:
*به نیگه‌رانییه‌كی قووڵه‌وه چاودێریی ئه‌و دۆخه مه‌ترسیدار و پڕ له پێشێلكارییه ده‌كه‌ین كه هه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌ته‌وه.
*له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، وێڕای نه‌دانی مووچه‌ی سێ مانگی فه‌رمانبه‌رن، زنجیره‌یه‌ك ڕووداوی توندوتیژیی سیستماتیك و پێشێلكاریی ئاشكرای مافه‌كانی مرۆڤ، بوونه‌ته هۆی دروستبوونی كه‌شێكی پڕ له ترس و نائارامی بۆ هاووڵاتیان، چالاكوانان، میدیاكاران و ده‌نگه ئازاده‌كان.
*هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له نێوان دوو به‌رداشدا ده‌هاڕدرێن: له لایه‌كه‌وه، ڕووبه‌ڕووی پێشێلكردنی مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كان و دابه‌شنه‌كردنی مووچه و سه‌ركوتكاریی ناوخۆیی و بوونه‌ته‌وه و له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منی و حیزبییه‌كانه‌وه.
*له‌لایه‌كی تره‌وه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشی ده‌ره‌كیدان كه سه‌روه‌ریی خاكی هه‌رێم ده‌به‌زێنێت و ترس و دڵه‌راوكێی بڵاوكردته‌وه.
*ئه‌و ڕووداو و پێشێلكارییانه‌ی كه جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنن:
1. نزیك ده‌بێته‌وه له مانگی سێیه‌م كه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی هه‌رێم دابه‌ش نه‌كراوه. له كاتێكدا داهاتی نه‌وت و نا نه‌وت له لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه به‌رده‌وام كۆده‌كرێته‌وه.
2- شه‌هیدكردنی كارمه‌ندێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، به ناوی (حه‌سه‌ن ره‌حمان) ناسراو به (حه‌سه‌ن سه‌ربه‌رزی) له شه‌وی (١٣ی ته‌مموز) له خۆپیشاندانی هاوڵاتانی ناحیه‌ی وه‌رتێ، بۆ داوای كاره‌با و مووچه.
3- ده‌ستگیركردنی چه‌ند مامۆستا و فه‌رمانبه‌رێك له ڕۆژی (14ی ته‌مموز)، له سلێمانی، كه به شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نییانه ده‌یانویست گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تی ئه‌نجام بده‌ن، بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له‌سه‌ر دۆخی مووچه.
4. هێرشكردنه سه‌ر پارێزه‌ران و چالاكوانان (شوان سابیر) له شاری هه‌ولێر، له رۆژی (16ی ته‌موز) به‌ڵگه‌یه‌كی تره، له‌سه‌ر به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ته‌واوی ئازادی.
5. له پاڵ په‌لاماردانی خۆپیشانده‌ران و چالاكواناندا، به شێوه‌یه‌كی به‌رنامه بۆ داڕێژراو هێرش ده‌كرێته سه‌ر تیمه میدیاییه‌كانی كه ڕوماڵی داخوازییه‌كانی خه‌ڵك ده‌كه‌ن.
6. له رۆژانی ڕابردوودا، چه‌ندین جار شار و شارۆچكه‌كان، ناوچه‌ی نزیك دانیشتوان، كێڵگه نه‌وتی و گازییه‌كان، ده‌وروبه‌ری فڕۆكه‌خانه‌كان، له هه‌رێمی كوردستان له ڕێگه‌ی درۆنه‌وه كراونه‌ته ئامانج. حكومه‌تی هه‌رێم، جگه له ئیدانه‌كردنێكی لاواز، هیچ هه‌نگاوێكی كرداریی بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیان نه‌ناوه.
ئه‌مه‌ش ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یه:
ڕاگه‌یاندراوێك بۆ ڕای گشتیی كوردستان و عێراق
بۆ داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی عێراق
بۆ نوێنه‌رایه‌تیی وڵاتان و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
ئێمه، وه‌ك فیدراسیۆنی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، به نیگه‌رانییه‌كی قووڵه‌وه چاودێریی ئه‌و دۆخه مه‌ترسیدار و پڕ له پێشێلكارییه ده‌كه‌ین كه هه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌ته‌وه. له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، وێڕای نه‌دانی مووچه‌ی سێ مانگی فه‌رمانبه‌رن، زنجیره‌یه‌ك ڕووداوی توندوتیژیی سیستماتیك و پێشێلكاریی ئاشكرای مافه‌كانی مرۆڤ، بوونه‌ته هۆی دروستبوونی كه‌شێكی پڕ له ترس و نائارامی بۆ هاووڵاتیان، چالاكوانان، میدیاكاران و ده‌نگه ئازاده‌كان.
هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له نێوان دوو به‌رداشدا ده‌هاڕدرێن: له لایه‌كه‌وه، ڕووبه‌ڕووی پێشێلكردنی مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كان و دابه‌شنه‌كردنی مووچه و سه‌ركوتكاریی ناوخۆیی و بوونه‌ته‌وه و له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منی و حیزبییه‌كانه‌وه. له‌لایه‌كی تره‌وه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشی ده‌ره‌كیدان كه سه‌روه‌ریی خاكی هه‌رێم ده‌به‌زێنێت و ترس و دڵه‌راوكێی بڵاوكردته‌وه.
ئه‌و ڕووداو و پێشێلكارییانه‌ی كه جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنن:
١. نزیك ده‌بێته‌وه له مانگی سێیه‌م كه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی هه‌رێم دابه‌ش نه‌كراوه. له كاتێكدا داهاتی نه‌وت و نا نه‌وت له لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه به‌رده‌وام كۆده‌كرێته‌وه، نه خۆیان كارێكیان كردووه بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه، نه وه‌ك حكومه‌تی عێراق داوای ده‌كات، داهاته‌كانی ڕاده‌ستی ده‌كه‌ن، تا ئه‌وان مووچه و پێداویستیه‌كانی خه‌ڵك دابین بكه‌ن، به‌ڵكو به‌رچاوی هه‌مووانه‌وه، داهاتی هه‌رێمی كوردستان خراوه‌ته خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی (كۆمپانیا، میدیا، ڕێكخراو، باره‌گا و دامه‌زراوه‌كانی حزب).
٢. شه‌هیدكردنی كارمه‌ندێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، به ناوی (حه‌سه‌ن ره‌حمان) ناسراو به (حه‌سه‌ن سه‌ربه‌رزی) له شه‌وی (١٣ی ته‌مموز) له خۆپیشاندانی هاوڵاتانی ناحیه‌ی وه‌رتێ، بۆ داوای كاره‌با و مووچه. ئه‌م تاوانه كه له‌لایه‌ن به‌رپرسێكی ئه‌منییه‌وه ئه‌نجامدراوه، نیشانه‌ی گه‌یشتنی دۆخه‌كه‌یه به ئاستێكی مه‌ترسیدار له به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات بۆ كوشتنی هه‌موو كه‌سێكی نا ڕازی.
٣. ده‌ستگیركردنی چه‌ند مامۆستا و فه‌رمانبه‌رێك له ڕۆژی (١٤ی ته‌مموز)، له سلێمانی، كه به شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نییانه ده‌یانویست گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تی ئه‌نجام بده‌ن، بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له‌سه‌ر دۆخی مووچه، به‌ڵام به‌داخه‌وه دووباره هێزه ئه‌منییه‌كانی سلێمانی په‌لاماریاندان و سه‌رجه‌میان ده‌ستگیركردن و یه‌كێكیش له‌وان به‌ناوی (د. ئه‌حمه‌د ئه‌مین) برینداركراوه، ئه‌مه‌ش سه‌لمێنه‌ری لێدانی سیستماتیكه له هه‌موو ناڕه‌زایه‌تییه‌ك له ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان.
٤. هێرشكردنه سه‌ر پارێزه‌ران و چالاكوانان (شوان سابیر) له شاری هه‌ولێر، له رۆژی (16ی ته‌موز) به‌ڵگه‌یه‌كی تره، له‌سه‌ر به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ته‌واوی ئازادی و هه‌وڵی كپكردنی ده‌نگی یاساناس و داكۆكیكاران له هه‌موو شاروشارۆچكه‌كانی هه‌رێم. ئه‌م كرده‌وه‌یه هێرشه بۆ سه‌ر سه‌روه‌ریی یاسا و شكۆی پیشه‌ی پارێزه‌ری و فه‌رمانبه‌ری.
٥. له پاڵ په‌لاماردانی خۆپیشانده‌ران و چالاكواناندا، به شێوه‌یه‌كی به‌رنامه بۆ داڕێژراو هێرش ده‌كرێته سه‌ر تیمه میدیاییه‌كانی كه ڕوماڵی داخوازییه‌كانی خه‌ڵك ده‌كه‌ن، ڕێگرییان لێده‌كرێت له ڕووماڵكردنی ڕووداوه‌كان، كه‌لوپه‌له‌كانیان ده‌شكێنرێت یان ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت و ڕۆژنامه‌نووسان به‌بێ فه‌رمانی دادگا ده‌ستگیر ده‌كرێن. ئه‌مه‌ش هه‌وڵێكی تری مه‌ترسیداره بۆ چه‌واشه‌كردنی ڕای گشتی، بێده‌نگكردنی میدیای ئازاد و ڕێگرتن له گه‌یشتنی زانیاریی دروست به هاووڵاتیان.
٦. له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی ڕابردوودا، چه‌ندین جار شار و شارۆچكه‌كان، ناوچه‌ی نزیك دانیشتوان، كێڵگه نه‌وتی و گازییه‌كان، ده‌وروبه‌ری فڕۆكه‌خانه‌كان، له هه‌رێمی كوردستان له ڕێگه‌ی درۆنه‌وه كراونه‌ته ئامانج. حكومه‌تی هه‌رێم، جگه له ئیدانه‌كردنێكی لاواز، هیچ هه‌نگاوێكی كرداریی بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیان نه‌ناوه. حكومه‌تی فیدراڵیش له ئاست ئه‌م پێشێلكارییه‌ی سه‌روه‌ریی خاكی هه‌رێم، كه به‌پێی ده‌ستوور به‌شێكه له خاكی عێراق، بێده‌نگه و هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی نه‌بووه.
ئه‌م كرده‌وانه پێشێلكاریی ئاشكرای چه‌ندین یاسا و په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تین، له‌وانه:
• ده‌ستووری عێراق، مادده‌ی (١٥) كه مافی ژیان و ئاسایش مسۆگه‌ر ده‌كات، و مادده‌ی (٣٨) كه ئازادیی ڕاده‌ربڕین و گردبوونه‌وه‌ی ئاشتیانه ده‌پارێزێت.
• یاسای ڕێكخستنی خۆپیشاندان له هه‌رێمی كوردستان (ژماره ١١ی ساڵی ٢٠١٠)، كه مافی خۆپیشاندانی مه‌ده‌نی به هاووڵاتیان داوه.
• جاڕنامه‌ی گه‌ردوونیی مافه‌كانی مرۆڤ، مادده‌كانی (٣، ١٩، ٢٠) كه جه‌خت له‌سه‌ر مافی ژیان، ئازادیی ڕاده‌ربڕین و گردبوونه‌وه‌ی ئاشتیانه ده‌كه‌نه‌وه.
• په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی تایبه‌ت به مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان (ICCPR)، كه عێراق واژۆی له‌سه‌ر كردووه و پابه‌نده پێیه‌وه، تێیدا پاراستنی ژیانی تاك و ئازادییه‌كان به ئه‌ركی ده‌وڵه‌ت داده‌نرێت.
• یاسای كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری له هه‌رێمی كوردستان (ژماره ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧)، كه به ڕوونی له مادده‌ی (٧)دا ئاماژه به‌وه ده‌كات "ڕۆژنامه‌نوس له‌به‌ر ئه‌و كاره‌ی كه پێی هه‌ڵده‌ستێت لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ناكرێت،" و ڕێگری ده‌كات له ده‌ستگیركردنی ڕۆژنامه‌نووس و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كه‌لوپه‌له‌كانیان له‌كاتی كاركردندا.
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌وه باسكرا، ئێمه داوا ده‌كه‌ین:
یه‌كه‌م: له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:
١. چاره‌سه‌رێكی خێرا و ڕیشه‌یی بۆ پرسی مووچه بدۆزرێته‌وه و چیتر بژێوی خه‌ڵك وه‌ك كارتی فشار به‌كارنه‌هێنرێت.
٢. به‌په‌له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی شه‌فاف و بێلایه‌ن له‌سه‌ر هه‌موو ڕووداوه‌كانی كوشتن و هێرشكردنه‌كان ده‌ستپێبكات و ئه‌نجامه‌كانی بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكات.
٣. تاوانبارانی هه‌موو ئه‌و دۆسیانه‌ی ئاماژه‌مان بۆكردوون، بدرێنه دادگا و به سزای یاسایی خۆیان بگه‌یه‌نرێن، به‌تایبه‌ت ئه‌و به‌رپرسه ئه‌منییه‌ی كه له تاوانی كوشتنی (حه‌سه‌ن سه‌ربه‌رزی) تێوه‌گلاوه.
٤. ڕێز له مافی گردبوونه‌وه‌ی ئاشتیانه و ئازادیی ڕاده‌ربڕین بگیرێت و كۆتایی به سه‌ركوتكردنی ده‌نگه ناڕازییه‌كان و هێرش بۆ سه‌ر میدیاكاران بهێنرێت.
دووه‌م: له حكومه‌تی فیدراڵی له به‌غداد:
١. چاره‌سه‌رێكی خێرا و ڕیشه‌یی بۆ پرسی مووچه بدۆزرێته‌وه و چیتر بژێوی خه‌ڵك وه‌ك كارتی فشار به‌كارنه‌هێنرێت، له جیاتی فشار له خانه‌نشین و فه‌رمانبه‌ران، فشاری ڕاسته‌وخۆ بكاته سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و هه‌موو پارت و لایه‌نه به‌شداره‌كانی حكومه‌ت، كه یاری به چاره‌نووسی مووچه خۆران ده‌كه‌ن و ده‌ستوور پێشێل ده‌كه‌ن.
٢. ئه‌ركی ده‌ستووریی خۆی له پاراستنی سه‌روه‌ریی خاكی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكات و هه‌ڵوێستێكی جیددی به‌رامبه‌ر هێرشه ده‌ره‌كییه‌كان هه‌بێت.
سێیه‌م: له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق (UNAMI):
١. فشار بخه‌نه سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی بۆ پابه‌ندبوون به بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و سه‌روه‌ریی یاسا.
٢. چاودێریی وردی دۆخی مافه‌كانی مرۆڤ له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و ڕاپۆرتی خۆیانی له‌سه‌ر بڵاوبكه‌نه‌وه.
ئێمه وه‌ك فیدراسیۆن، به‌رده‌وام ده‌بین له چاودێریكردن و داكۆكیكردن له مافی هاووڵاتیان، و هه‌رگیز له به‌رامبه‌ر ئه‌م پێشێلكاریانه‌دا بێده‌نگ نابین.
فیدراسیۆنی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی
١٧ی ته‌موزی ٢٠٢٥
AM:11:12:17/07/2025
ئه‌م بابه‌ته 348
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت