مه‌زڵوم عه‌بدی: ده‌ستبه‌جێ كاره شه‌ڕانگێزه‌كان له سوه‌یدا بوه‌ستێنرێت و لێپرسینه‌وه بكرێت
وێستگه‌نیوز-
فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات داوایكرد ده‌ستبه‌جێ كاره شه‌ڕانگێزه‌كان له سوه‌یدا بوه‌ستێنرێت و لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ به‌رپرسان بكرێت، ده‌شڵێت: "ده‌بێت له رێگه‌ی ده‌ستوور و گفتوگۆ دۆسیه‌ی دروزه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت".
مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له پلاتفۆڕمی (X) په‌یامێكی ده‌رباره‌ی توندوتیژییه‌كانی شاری سوه‌یدا بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند كه "له كه‌سوكارمان له سوه‌یداوه داوامان لێده‌كرێت رێڕه‌وی سه‌لامه‌ت بۆ هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین و ئه‌و هێرشانه رابگرین كه ده‌یانكاته ئامانج".
فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ده‌ڵێت: "كوشتنی ژن و منداڵ و ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر هێما ئاینیه‌كان تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی و به‌هاكانی سوریان".
ده‌شڵێت: "پێویسته ده‌ستبه‌جێ ئه‌م كاره شه‌ڕانگێزانه بوه‌ستێنرێت و لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ به‌رپرسان بكرێت".
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه "دوای 14 ساڵ شه‌ڕ، كاتی ئه‌وه هاتووه خوێنڕشتن بوه‌ستێنرێت. سوریا به تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه نابوژێته‌وه، به‌ڵكو به گفتوگۆ و عه‌قڵ ده‌بوژێته‌وه".
مه‌زڵوم عه‌بدی راشیگه‌یاندووه كه "پرسی گه‌لی دروزمان پرسێكی نیشتیمانییه و چاره‌سه‌ره‌كه‌ی ده‌بێت ده‌ستووری و له ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه بێت".
له رۆژی یه‌كشه‌ممه، 13ـی ته‌ممووزی 2025ـه‌وه، شه‌ڕ له نێوان هێزی دروزه‌كان و به‌ده‌وییه‌كان، له پارێزگای سوه‌یدای سوریا سه‌ریهه‌ڵداوه و هێشتاش كۆنترۆڵ نه‌كراوه.
به‌پێی راپۆرتی روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، تا ئه‌مڕۆ 248 كه‌س كوژراون و "هێشتا دۆخه‌كه ئاسایی نه‌بووه‌ته‌وه و ناوه‌ناوه شه‌ڕ و بۆردوومان ده‌كرێت."
PM:05:59:16/07/2025
ئه‌م بابه‌ته 440
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت