ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیدا لەسەر لە یەکتر تێگەیشتنی نوێ لەگەڵ بەغدا تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکان
وێستگەنیوز_
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی تەمووزی 2025، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە و ڕەزامەندی لەسەر لەیەکترتێگەیشتنی نوێی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکان دا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، ئەنجوومەنی وەزیران "بە توندترین شێوە، هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم شەرمەزار کرد، کە زیانێکی زۆری ماددیان بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت گەیاندووە و ئامانجی ئەم هێرشانە، لێدانە لە ژێرخانی ئابووریی و وزەی هەرێمی کوردستان. "
بەگوێرەی راگەیەندراوی دوای کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت و ڕێکاری یاسایی بەرانبەر ئەو تێکدەرانە بگیرێتە بەر.
هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، ئەنجوومەنی وەزیران، گفتوگۆی لەبارەی تەوەر و بابەتی کۆبوونەوەکە کرد، کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و ڕێڕەوی دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران، وردەکاری ئەو لەیەکترتێگەیشتنە هاوبەشەی کە دوێنێ لە بەغدا تایبەت بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی هەرێم هاتووەتە ئاراوە خستەڕوو.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ، "ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لەو لەیەکترتێگەیشتنە کرد و بڕیاری دا بە جێبەجێکردنی ناوەرۆکی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە، کە بڕیارە لە بەرانبەردا حکوومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت."
PM:12:38:16/07/2025
ئهم بابهته 1276
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت