مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەکێتی: دەبێت حكومه‌تی عیراق خۆی سنوورێك بۆ ئەم هێرشانە دابنێت و رایبگرێت


وێستگەنیوز_

مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییە بۆسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، بڵاوکردەوە و دەڵێت: "پێویسته‌ پێش هه‌ر لایه‌ك حكومه‌تی عیراق خۆی سنوورێك بۆ ئەم هێرشانە دابنێت و رایبگرێت".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی 7ـی 2025، مه‌كته‌بی راگه‌یاندن و هۆشیاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا  دەڵێت: "لەکاتێکدا کە یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پێناوی کۆتاییهێنان بە کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم، هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییه‌كانی خۆی چڕکردووەتەوە و کار بۆ نەهێشتنی گرژی و ناكۆكی لە نێوان هەرێم و بەغداددا دەکات، زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ چه‌ندین هێرشی درۆنیی یه‌ک له‌دوای یه‌ک ده‌كرێته‌ سه‌ر هه‌رێم و كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی له‌ ناوچه‌ و پارێزگا جیاجیاكانیدا".

ئاماژە بەوەشکراوە، "ئه‌و هێرشانه سه‌رچاوه‌كه‌یان له‌ هه‌ركوێوه‌‌ بێت و هه‌ر لایه‌نێك لێی به‌رپرس بێت، پێشێلكردنێكی ئاشكرای بنه‌ماكانی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی و سه‌قامگیرییه‌ له‌ وڵاتدا، كه‌ پێویسته‌ پێش هه‌رلایه‌ک حكومه‌تی عێراق خۆی سنوورێكی بۆ دابنێت و رایبگرێت، به‌وپێیه‌ی ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن و ره‌سمیی ده‌وڵه‌ته‌ و به‌رپرسیاره‌ له‌ پاراستنی ‌خاك و خه‌ڵكی عێراق و هه‌رێم و بنه‌ما و سه‌رچاوه‌ ئابورییه‌كانی، به‌تایبه‌تی كه‌ ده‌شێت ئه‌و پێشێلكارییانه‌، ببنه‌ مایه‌ی دروستبوونی گومان له‌ په‌یوه‌ندیی هێزه‌ عیراقییه‌كاندا و نیگه‌رانیش له‌ دۆخی ئه‌منیی وڵات".

هەر لە بەیاننامەکەدا، مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتی دەڵێت، "ئێمه‌ له‌كاتێكدا وه‌ك (ی.ن.ك) ئیدانه‌ی ئه‌و هێرش ‌و په‌لامارانه‌ بۆ هه‌رێم و دانیشتووانه‌كه‌ی ده‌كه‌ین، داواكارین كه‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق رۆڵی خۆیان له‌ دوورخستنه‌وه‌ی وڵات له‌ هه‌ر ناسه‌قامگیرییه‌كی ئه‌منی و ناكۆكییه‌كی نوێی سیاسی بگێڕن، كه‌ ببێته‌ مایه‌ی ساردكردنه‌وه‌ی هێڵی گه‌رمی گفتوگۆ نیشتمانییه‌كانمان، كه‌ ئامانج لێیان چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان و چاندنی متمانه‌ و برایه‌تیی زیاتر و پێكه‌وه‌ژیانی نێوان عێراقییه‌كانه‌".


PM:12:33:16/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو