سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ بەغدا و چارەنووسی مووچەی فەرمانبەران و رێککەوتنی نێوان هەولێر و حکومەتی فیدراڵی
وێستگەنیوز_
بافڵ تاڵەبانی لە بەغدایە و لەگەڵ فوئاد حوسێن ژمارەیەک سەرکردەی باڵای عێراق'ـیان بینی و کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ سوودانی ئەنجامدا.
دەوروبەری کاتژمێر 08:50 خولەکی ئەمشەو بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتە بەغدا. تاڵەبانی لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە ژمارەیەک کۆبوونەوە دەکەن و ئامانجیش تاوتوێکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دۆزینەوەی چارەسەرە بۆیان.
لە پاش گەیشتنی بە بەغدا، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ فایەف زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە و دواتریش لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق. دواتریش فوئاد حوسێن گەیشتە شوێنەکە و کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانی، بافڵ تاڵەبانی و فوئاد حوسێن دەستی پێکرد.
بەگوێرەی زانیارییەکان، سبەی چوارشەممەش کۆبوونەوەکان درێژەیان دەبێ و چاوەڕوان دەکرێت بافڵ تاڵەبانی و فوئاد حوسێن چاویان بە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بکەوێت".
ئەوەی تا ئێستا ئاشکرا بووە ئەوەیە، "محەممەد شیاع سوودانی و سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێ سەرەتا پرسی نەوت یەکلایی بکرێتەوە و پاشان دەست بە خەرجکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت".
دەوترێت، لە ئێستادا "هەوڵەکان بەو ئاراستەیەن کە ئەو جیاوازییەی لەنێوان رەشنووسەکەی حکومەتی عێراق و رەشنووسەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی نەوت نەهێڵدرێت. ئامانجەکەش ئەوەیە بڕی نەوتی رادەستکراو بە کۆمپانیای سۆمۆ و ئەو بڕەی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت، یەکلایی بکرێتەوە و ئەو کاتە راسپاردەیەکی نوێ و رەشنووسێکی نوێ ئامادە دەکرێت و لە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر دەدرێت. ئەگەر ئەوە روویدا، هەفتەی داهاتوو دەست بە رێکاری ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت".
PM:11:07:15/07/2025
ئهم بابهته 1688
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت