سەرۆکایەتی کۆمار: هێرشی درۆنی بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەڕەشەیە لە ئاسایشی وڵات و ئابووری لاواز دەکات
وێستگەنیوز_
دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشێکی "تیرۆریستی" کرایە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسنک لە سنووری پارێزگای دهۆک، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق سەرکۆنەی ئەو رووداوە دەکات و داوا لە لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، "رێکاری گونجاو و بەپەلە بگرنەبەر."
ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تەممووزی 2025 سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند، "سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر هەردوو کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە هەولێر و سەرسنک لە دهۆک دەکەین."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییە زەقانە هەڕەشەیە لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و بنەماکانی ئابوورییش لاواز دەکات. ئەمە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییە گشتییەکانی دەوڵەت و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی هاوڵاتییان."
هەروەها ئەوەش هاتووە، "پێویستە هەوڵی زیاتر بۆ پاراستنی دامەزراوە ئابوورییەکانمان و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ کاری کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان لە وڵات بدرێت."
سەرۆکایەتیی کۆمار داوا لە لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، "رێکاری گونجاو و بەپەلە بگرنەبەر بۆ ئاشکراکردنی ئەنجامدەران و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشی تیرۆریستیی لەم شێوەیە کە هەڕەشە لە ئابووریی عێراق و ئاسایش و سەلامەتیی هاوڵاتیانی دەکات."
PM:07:50:15/07/2025
ئهم بابهته 276
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت