پارتی و یەکێتی: هاوڕاین لەسەر ئەوەی هەموو هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ چارەسەری کێشەی مووچە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 14ی تەموزی 2025، کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە پیرمام ئەنجام درا.


دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە رایگەیەندراوی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بڵاوکرایەوە، بەپێی راگەیەندراوەکە بێت، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هەموو هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ چارەسەری کێشەی مووچە.

ئاماژە بەوەکراوە، "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر یەکخستنی هەڵوێستی هەموو لایەنە سیاسییە کوردی و عێراقییەکان دەکرایەوە کە هاوکار بن لە چارەسەر کردنی گرفتەکان".

پارتی و یەکێتیش دەڵێن، "لە چوارچێوەی دەستووردا هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەنێین".

هەروەها جەختیان لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی کردەوە لەپێناو باشترکردنی دۆخەکە و بەرەو پێشبردنی کوردستان.

پارتی و یەکێتی دەشڵێن، "ئاستەنگ و ئاڵەنگارییەکان تێدەپەڕێنین و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکان دەکەین".

ئەم کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتێکدایە کە کێشەی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و پێکنەهێنان کابینەی 10ی حکومەتی هەرێم هەیە، بەڵام بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بێت هیچ باسێک لە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و پێکهێنانی کابینەی 10ی حکومەت نەکراوە.


PM:04:35:14/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو