سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: روون نییە کێ تەقەی کردووە، لێکۆڵینەوە لە رووداوی کوژرانی هاوڵاتییەکەی وەرتێ دەکەین


وێستگەنیوز-

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایدەگەیەنێت، کێشەی کارەبای ناحیەی وەرتێ ئەمڕۆ چارەسەر دەکرێت، ئاماژە بەوەشدەکات، لێکۆڵینەوە لە رووداوی کوژرانی هاوڵاتییەکەی شەوی رابردووی وەرتێ دەکەن.


ئەمڕۆ دووشەممە 14ی تەموزی 2025، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، "ئێستا دۆخی ئیدارەکە ئاساییە و ئارامە. لەگەڵ وەزارەتی کارەبا چەند رۆژێکە بە بەردەوامی لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای ناوچەکانی سنووری سۆران، بەڵام کێشەکە گشتییە. لە بەشێکی گوندەکانی دەوروبەری هەولێر و سنووری سۆران کێشە هەبوو، ئەمڕۆ کێشەی کارەبای گوندەکان بە تەواوی چارەسەر دەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "کارەبای نیشتمانی کەمبووەتەوە، گوندەکانیش موەلیدەیان نەبوو، بۆیە کێشەیان بۆ دروستبوو، بابەتەکە هەڵەی تەکنیکی بوو و چارەسەر دەکرێت، رۆژی پێشتر دانیشتنمان لەگەڵ هەموویان کرد و داواکارییەکان وەرگیرا و کاری لەسەر دەکرا، بەڵام ئەوانەی دوێنێ شەو گردبوونەوە ئەو کەسانە نەبوون کە ئێمە لەگەڵیان دانیشتین".

شەوی رابردوو دانیشتووانی هەندێک گوندی سنووری ناحیەی وەرتێ بەهۆی کەمیی کارەبا و ئاوەوە خۆپێشاندانیان کرد و کەسێک کوژرا، هەڵگورد شێخ نەجیب وتی، "جارێ روون نییە و نەزانراوە کێ تەقەکەی کردووە، لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەین، بەڵام بەبێ مۆڵەت خۆپیشاندانەکە کرابوو".

لەلایەکی دیکەشەوە بنەماڵەی حەسەن عەبدولڕەحمان کوژراوەکەی شەوی رابردووی وەرتێ هۆشداری دەدەن و دەڵێن، "ئەگەر حکومەت بێدەنگ بێت بەرامبەر بەم تاوانە و بکوژ رادەستنەکرێت، خۆمان بەرێگەی عەشایەری تۆڵەی خۆمان دەکەینەوە".


PM:03:22:14/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 804 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو