عومەر گوڵپی: لە دادگای فیدراڵی داوامان دژی نرخی نوێی کارەبا تۆمار کرد
وێستگەنیوز_
عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "وەک بەڵێنمان دابوو، ئەمڕۆ لە دادگای باڵای فیدراڵی، لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبا داوامان تۆمار کرد".
عومەر گوڵپی رایگەیاند، پاش تەواوکردنی ڕێکارەکانی تۆمارکردنی داوا، ئەمڕۆ بە ژمارە (123/ئیتیحادی/2025) لەسەر نرخە گرانەکانی کارەبا و کارەبای ماڵان، داوایەکمان پێشکەش بە داگای باڵای فیدراڵی کرد.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سکاڵاکەیاندا داوایان کردووە دادگا بڕیار بدات بە "هەڵوەشاندنەوەی ئەو نرخانەی کارەبا کە ئەنجومەنی ماوە بەسەرچووی وەزیران بە بڕیاری ژمارە (280) لە 14ـی 5ـی 2025 چەندین هێندە لەسەر هاوڵاتیانی زیادی کردوون، ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسا بەرکارەکانە، هەروەها داوامان کردووە دادگا حکومەت و وەزارەتی کارەبا پابەند بکات بە دابینکردنی کارەبا بەو نرخە حکومیانەی پێشوو کە لە ڕێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی (2021)ی وەزارەتی کارەبادا هاتوون".
دووپاتیشی دەکاتەوە کە، "بۆ سەلماندنی داواکەشمان بەڵگەی دەستوری و یاسایی پێویستمان پێشکەش بە دادگا کردووە".
"هیوامان وایە دادگا ئەو نرخە بازرگانیانەی کارەبا کە بە پاساوی بە 24 کاتژمێریکردنی کارەبا بەسەر کارەبای ماڵاندا سەپێنراون هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە کارەبا خزمەتگوزارییەکی گشتییە و نابێت بە هیچ پاساوێک بە نرخی گران و بازرگانی بە هاوڵاتیان بفرۆشرێتەوە، بەتایبەت لە کوردستان کارەبا لە غاز بەرهەم دەهێنرێت کە موڵکی گشتییە و مافی هەر هاووڵاتییەکە لێی سودمەند بێت، هەروەها زیادکردنی نرخەکان لە کاتێکدایە دۆخ و گوزەرانی خەڵک بە ئاستێک خراپ بووە کە نرخە نوێیەکان نەوەک لەسەر خێزانە هەژارەکان بارگرانین، بەڵکو لەسەر تەواوی خێزانەکان بارگرانین لە دۆخێکدا بەهۆی دواکەوتنی بەردەوامی مووچەوە کارو کەسابەتی هاووڵاتیانیش پاشەکشەی گەورەی کردووە". عومەر گوڵپی وا دەڵێت.
PM:03:34:13/07/2025
ئهم بابهته 276
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت