ئاسۆس هەردی: زمانی زاڵ لە میدیای تورکیدا پڕە لە بەکارهێنانی وشەی تیرۆر
وێستگەنیوز-
لە نووسینێکدا ئاسۆس هەردی، نووسەر و رۆژنامەنووسی کورد باس لە میدیاکانی تورکیا دەکات لەکاتی رووماڵکردنی چەکدانان و سوتاندنی چەکەکانی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" لە ئەشکەوتنی جاسەنە لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
ئاسۆس هەردی لە بابەتێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە بە ناونیشانی "دەنگدانەوەی سووتاندنی چەکەکان لە میدیای تورکیدا"، دەڵێت، "بە شێوەیەکی گشتی وەک چاوەڕێ دەکرا، رۆژنامە و کەناڵەکانی نزیک لە ئەردۆغان و حیزبەکەی (بە حورییەت و میللیەتیشەوە)، سەرتاپا پیاهەڵدانە بە سەرۆک و حیکمەتی سەرۆکدا. هەر هەمووی پشتیوانی لە هەنگاوەکانی حکومەت دەکەن".
ئاماژە بەوەشدەکات، "دوو حیزبەکەی ئۆپۆزسیۆن، ئیی پارتی کە حیزبێکی تۆرانییە (چەند ساڵێک لەمەوبەر مەهەپەی باخچەلی جیا بووەوە)، زۆر بە تووندی، هێرش ئەکاتە سەر ئەردۆغان و حکومەتەکەی. ئەمڕۆ سەرۆکەکەیان (دەرویش ئۆغلو) بەتایبەت هێرشێکی توندی کردە سەر ئەو قسانەی ئەردۆغان کە باسی هەڵەکانی دەوڵەتی ئەکرد بەرامبەر کورد. لەوانە ئیغتالاتەکان (پێی ئەڵێن تاوانی بکەر نادیار: فاعیلی مەجهول جینایەتلەر)، سووتاندنی گوندەکان، ئەشکەنجەو تاوانەکان لە زیندانی دیاربەکر… هتد. دەرویش ئوغلو روو بە ئەردۆغان وتی: تۆ وا ئەزانی ئێستاش لە گەڕەکی قاسم پاشا ئاو ئەفرۆشی! تۆ پێگەی سەرۆکی دەوڵەتت هەیە، چۆن ئاوا بە زمانی خۆت ئیدانەی دەوڵەتەکەت ئەکەیت لەبەردەم ئەوروپاو دنیاو رێکخراوە یاساییە نێودەوڵەتییەکاندا؟، میدیاو نووسەرەکانی ئەم حیزبە رێک بە زمانی سەردەمی شەست و حەفتاکان قسە ئەکەن و هەڵوێستیان لەسەر پرۆسەکە توندتر بووە، نەرمتر نەبووە".
دەشڵێت، "پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، گەورەترین حیزبی ئۆپۆزسیۆن بۆ وەبیر هێنانەوە: ئەم حیزبە خۆی بە میراتگری حیزبەکەی ئاتاتورک ئەزانێ و هەمان ناویشی هەیە، بەشێوەیەکی گشتی لە دوو بۆچوونی جیاوازەوە هێرش ئەکەنە سەر پرۆسەکە. یەکەمیان ئەوانەن کە بە هەمان عەقلییەتی کەمالیزم بیردەکەنەوەو هەر لەوێشەوە بە تەواوی دژی پرۆسەکە قسە ئەکەن. سەری زمان و بنی زمانیان داکۆکی کردنە لەوەی لە تورکیادا جیاوازی نەکراوەو ناکرێ، هەموان هاوڵاتین، ئەو کێشانەی هەن بەرهەمی تیرۆری پەکەکەن، هەروەها دووەمیان ئەوانەن کە رەنگە بەرامبەر کێشەی کورددا کەمێک نەرمتر بن لە هاوڕێکانی گرووپی یەکەمیان، بەڵام هیچ رۆژێک هیچ بەرنامەو پلانێکی روونیان بۆ چارەسەری کێشەی کورد پێ نەبووە، جگە لە هەندێ دروشمی گشتی. ئەمانیش هەر دژی پرۆسەکە قسە ئەکەن، بەڵام بە زمانێکی نەرمتر. ئەمانە زۆرتر لەم روانگەیەوە قسە لەسەر پرۆسەکە ئەکەن و دەڵێن: ئەردۆغان نە بڕوای بە دیموکراسی هەیە، نە بە چارەسەری کێشەی کورد، ئەمە گەمەیەکە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی خۆی و لێدان لە هێزی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆن، واتە جەهەپە. ئەوەتا لەکاتێکدا کە باسی چارەسەری کێشی کورد ئەکا، بەردەوامە لە گرتن و راوەدوونانی ئۆپۆزسیۆن. لەم رووەشەو رەخنە لە دەم پارتی و کورد ئەگرن کە "خەمی بەرتەسکی” چارەسەری کێشەی کورد، وێنە گەورەکەی لێ شاردوونەتەوە کە تورکیا بەرەو دیکتاتۆرییەتی یەکجارەکی ئەردۆغان ئەڕوا، کوردیش بەم پرۆسەیە دەبێتە هاوکاری ئەردۆغان".
ئەوەشی خستەڕوو، "لە بەرامبەردا وەکو وتم، جەهەپە هیچ بەرنامەیەکی بۆ کورد نەبووەو نییە. بگرە هەر کاتێ دەوڵەتی تورک پەلاماری کوردی دابێ، ئەوان ئەگەر هاوکاری نەبووبن، ئەوا بێدەنگییان هەڵبژادووە، سەیر ئەوەیە جەهەپە خۆی بە حیزبێکی چەپ ئەزانێ و ئەندامی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنالە".
ئاسۆس هەردی باسی لە رۆژنامە چەپەکانی تورکیا کرد و وتی، "رۆژنامەی جمهورییەت کە بە حساب کۆنترین رۆژنامەی چەپی تورکیایەو سەردەمانێک عەزیز نسین سەرنووسەری بووە، نزیکە لە جەهەپەوەو بە توندی دژی پرۆسەکە قسە ئەکا. دیفاع لە مستەفا کەمال و کەماکیزم ئەکاو بە توندی دژی ئیسلامییەکانە. هەر بۆ زانیاری، ئەم رۆژنامەیە یەکەم میدیا بوو کە بە بەڵگەی ڤیدیۆیی هاوکاری میت و ئەردۆغانی بۆ داعش بڵاوکردەوە. ئەم رووداوە بە "لۆرییەکانی میت” بەناوبانگە لە میدیای تورکیدا".
وتیشی، "رۆژنامەی سۆزجو، دیسان رۆژنامەیەکی چەپە، هەمان هەڵوێستی هەیە. بۆ نموونە ئەمڕۆ نووسەرێکیان باسی ئەو چەکانە ئەکا کە دوێنێ سووتێنران و ئەپرسێ: نازانین ئە چەکانە چۆن گەیشتۆیە دەستی ئەو تیرۆریستانە؟ ئاخۆ لە کوشتنی هاوڵاتی تورکدا بەکارهاتوون یا نە؟، ئەمانە کەمالیستی توندڕەون و بۆیان قبووڵ ناکرێت دانی پێدا بنێن سەرچاوەی سەرەکیی کێشەی کورد کەمالیزم و مستەفا کەمالە. عەلمانیی توندڕەون و لەگەڵ ئەردۆغانی ئیسلامیدا دانوویان ناکوڵێ".
نووسیویەتی، "لەم نێوەدا رۆژنامەی ئەڤرەنسەل، کە ئەویش رۆژنامەیەکی چەپە، بە روونی پشتیوانی لە پرۆسەکە ئەکا، هەروەها هەرچی سایتی (تی٢٤)ی حەسەن جەمالە، کە خۆی بە لیبرال پێناسە ئەکاو بەردەوام کێشەی کورد یەکێک بووە لەو بابەتانەی گرنگیی پێداوە، بەگشتی پشتیوانی لە پرۆسە ئەکا، بەڵام ئەو نیگەرانییەش ناشارێتەوە کەمەترسی هەیە کورد لەپێناوی چارەسەری کێشەکەی خۆیدا، مەسەلەی بنەڕەتیی تورکیا فەرامۆش بکا کە دیموکراتیزەکردنی زیاتری وڵاتەکەیە".
ئاسۆس هەردی دەڵێت، "جگە لەوانەیش چەند سایت و میدیایەکی لێ دەرچێ، هێشتا زمانی زاڵ لە میدیای تورکیدا زمانەکەی جارانە کە لە باسی کێشەی کورددا، پڕە لە بەکارهێنانی وشەی تیرۆر و تیرۆریستان".
AM:10:18:13/07/2025
ئهم بابهته 712
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت