بارەگای بارزانی: حکومەتی عێراق بەڵێنی داوە لە چەند رۆژی داهاتوو پرسی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەکانی هەرێم چارەسەر بکرێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 12ی تەموزی 2025، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و بارەگای بارزانی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردەوە.
بارەگای بارزانی رایگەیاند، "پەیوەست بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی مووچە و بودجە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست کۆبوویەوە، بەڵام هەر ئەمڕۆ د. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی گەڕاوەتەوە کوردستان و بە مەكتەبی سیاسیی پارتی راگەیاندووە كە لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان و حكومەتی عێڕاقی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەڵێنی ئەوەیان داوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرسی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بکرێت".
ئاماژە بەوەکراوە، "هەر لەسەر داوا و بەڵێنی ئەوان و لەپێناو بەردەوامبوونی گفتوگۆیەكی هێمنانە و ڕەچاوکردنی بارودۆخ و بەرژەوەندیی گشتی، پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە حكومەتی عێراقی فیدراڵ لە بەغدا بدەین بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بۆ کۆتایهێنان بەم کێشەیە بدۆزنەوە، و هەمیشە بروامان بەوە هەبووە کە ئەگەر ڕێگەی گفتوگۆ هەبێت ئێمەش پێمان باشە بە لەیەکتر تێگەیشتن كێشەكان چارەسەر بكەین".
PM:09:05:12/07/2025
ئهم بابهته 632
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت