به‌شیر حه‌داد: ئامانجی به‌غدا نه‌دانی‌ مووچه‌یه‌، بۆیه‌ كاتی هاتووه‌، حكومه‌تی هه‌رێم بڕیار بدات


وێستگه‌نیوز-
جێگری پێشووی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر پشكی‌ پارتی‌ رایگه‌یاند كه‌ ئامانجی به‌غدا نه‌دانی‌ مووچه‌یه‌، 48 كاتژمێره‌كه‌ش ته‌واوبوو، بۆیه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ حكومه‌تی هه‌رێم بڕیار بدات".


به‌شیر حه‌داد جێگری پێشووی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له‌ لێدوانێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ئامانجی به‌غدا له‌ قاڵبدانی هه‌رێمی كوردستان و نه‌دانی مووچه‌یه‌، بۆیه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیار بدات".

جێگری پێشووی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر پشكی‌ پارتی‌ بۆ كوردستان24 ده‌ڵێت: "به‌غدا ئامانجێكی سیاسیی له‌ پشت نه‌ناردنی مووچه‌ هه‌یه‌، ماوه‌ی 48 كاتژمێره‌كه‌ ته‌واوبوو، كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ش ته‌واوبوو، لیژنه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق محه‌مه‌د شیاع سودانیش پێكیهێنا كاره‌كانی ڕاگرت، هه‌موو ئاماژه‌كانیش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن، به‌غدا ڕێككه‌وتنی ناوێت".

ده‌شڵێت: "پێویسته‌ ئێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری خۆی بدات، به‌ڵام بڕیارێكی حه‌كیمانه‌ بێت، بڕیارێكی ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بێت".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا لیژنه‌یه‌ك له‌ كه‌سایه‌تی و سیاسه‌تمه‌داران و پیاوماقوڵانی هه‌رێمی كوردستان پێك بێت و بكرێت به‌ لیژنه‌یه‌كی نیشتمانی، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی نیشتمانیی بدۆزرێته‌وه‌، ئه‌وكات بڕیارێكی ده‌سته‌جه‌معی به‌رانبه‌ر به‌غدا بده‌ن".

به‌شیر حه‌داد راشیگه‌یاند كه‌ "تاوه‌كو بڕیاره‌كه‌ ده‌درێت، به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌لایه‌نی كه‌م مووچه‌یه‌ك ئاماده‌ بكات به‌ هاوبه‌شی خوداپێداوان و سه‌رمایه‌دارانی كوردستان و كۆمپانیاكان و بیده‌ن به‌ مووچه‌خۆران و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان".



PM:03:59:12/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو