عومەر چەلیک: پرۆسەی چەکدانان هەسەدە و پژاکیش دەگرێتەوە
وێستگەنیوز-
جێگری سەرۆکی ئاکپارتی و وتەبێژی ئەو پارتە رایدەگەیەنێت، پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە هەنگاوێکی گرنگە، ئاماژە بەوەشدەکات، پرۆسەی چەکدانان هەسەدە و پژاکیش دەگرێتەوە.
عومەر چەلیک، جێگری سەرۆکی ئاکپارتی و وتەبێژی ئەو پارتە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، "لە خەباتی دەوڵەت دژی تیرۆر، جگە لە توخمە سەختەکانی هێز، چەندین رێکخستنی یاسایی هەن کە هانی هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوی تیرۆر و جیابوونەوە لە رێکخراوی تیرۆر دەدەن".
لەبارەی پرۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" ئاماژەی بەوەکرد، "پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە هەنگاوێکی گرنگە و چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە لە دەرەوەی خاکی تورکیا، لە دەوروبەری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، هەروەها باس لەوە دەکرێت کە لە سێ پۆلێنی سەرەکیدا چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوە ئەنجام دەدرێت، ئەم سێ پۆلێنە بریتین لە پەکەکەی عێراق، هەسەدە و پەیەدە لە سوریا، پژاک لە ئێران".
سەبارەت بە چارەنووسی ئەندامانی پەکەکە کە چەک دانێن چەلیک وتی، "ئەوانەی تاوانیان نەکردووە، ئەوانەشی تاوانیان کردووە، لە یاساکانماندا رێکخستنی زۆر هەن، هێشتا میکانیزمی کارا هەن تەنانەت لە کاتی شەڕێکدا یان کاتێک هێزەکانی تورکیا شوێنێک گەمارۆ دەدەن، داوای خۆبەدەستەوەدان دەکەن، دواتریش میکانیزمی تایبەت هەن سەبارەت بە خۆبەدەستەوەدانی ئەمانە".
وتیشی، "پەرلەمانی تورکیا گەورەترین شوێنی دەرکەوتنی ئیرادەی نەتەوەییە، لە ئەنجامدا ئەو شوێنەی هەموو ئەم پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانەی تێدا بەڕێوەدەبرێت، ئەو بابەتانەی تێدا تاوتوێ دەکرێت، ئەو زەمینەیەی تێدا دروست دەکرێت، لە کۆتاییدا کۆمیسیۆنەکەی لەنێو پەرلەماندا دروست دەکرێت".
چەلیک ئەوەشی خستەڕوو، "ئەنجامدانی قۆناغی یەکەمی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانان دەرفەت بۆ کردنەوەی لاپەڕەی نوێ دەڕەخسێنێت".
AM:11:08:11/07/2025
ئهم بابهته 292
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت