شوێنێ رێورەسمی چەکدانانی پەکەکە دیاریکرا


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ هەینی 11ی تەموزی 2025، بەشێک لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دادەنێن.


عومەر ئەحمەد، پەیامنێری وێستگەنیوز رایگەیاند، "مەراسیمی چەکدانانی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" لە ئەشکەوتی جاسەنە لە گوندی جاسەنەی سەر بە قەزای دوکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەبێت".

ئەم لایەنانە بەشداری لە رێوڕەسمی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەن:

- بەسێ هۆزات و مستەفا قەرەسوو، نوێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان.

- هێمن هەورامی، نوێنەری مەسعود بارزانی.

- دڵشاد شەهاب، نوێنەری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

- نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی عێراق.

- لیوا تاریق ئەحمەد، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان.

- نوێنەری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان.

- هاوسەرۆکان و شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان (دەم پارتی).

بڕیارە دوای کاتژمێر 11 دیمەنەکان بۆ رای گشتیی بگوازرێنەوە، چەکدانانەکە وەکو پێشاندانی نیازپاکییە لە لایەن پەکەکەوە کە ئامادەیە دەستبەرداری خەباتی چەکداری ببێت، ئەمەش یەکێکە لە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی، ژمارەی ئەو گەریلایانەی چەکەکانیان دادەنێن لەنێوان 33 بۆ 44 گەریلایە.

ئەم هەنگاوە دوای بانگەوازێکی مێژوویی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە 27ی شوباتی ئەمساڵ دێت، کە تێیدا داوای لێکردن کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنن و رێگەی دیموکراتی بگرنەبەر بۆ بەرگریکردن لە مافی کورد لە باکووری کوردستان.


AM:10:21:11/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت