رێکخراوی "CPT"ی ئەمریکی: لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا تورکیا 1678 هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی هەرێم ئەنجامداوە


وێستگەنیوز-

تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی "CPT"ی ئەمریکی ئاماری شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیای بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.


بەپێی ئاماری تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی "CPT"ی ئەمریکی، "لە 1ی کانوونی دووەمی 2025 بۆ 30ی حوزەیرانی 2025، سوپای تورکیا 1678 هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە".

ئاماژە بەوەکراوە، "1484 هێرش بۆ سەر سنووری پارێزگای دهۆک، 140 هێرش بۆ سەر سنووری پارێزگای هەولێر، 54 هێرش بۆ سەر سنووری پارێزگای سلێمانی و (سفر) هێرشیش بۆ سەر سنووری پارێزگای نەینەوا بووە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 9 هاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی بە شێوەیەک سێ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و شەش هاوڵاتی تری مەدەنی برینداربوون".

رێکخراوەکە دەڵێت، "لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، سوپای تورکیا 1232 هێرشی لەڕێگەی تۆپباران، 397 هێرشی لەڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، 43 هێرشی لەڕێگەی هەلیکۆپتەر، پێنج هێرشی لەڕێگەی بەکارهێنانی چەکی سوک و یەک هێرشی لەڕێگەی تەقینەوە ئەنجامداوە".

دەشڵێت، "بە تەنیا لە مانگی حوزەیراندا، سوپای تورکیا، 550 هێرشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە کە 541 هێرشیان بۆسەر سنووری پارێزگای دهۆک و نۆ هێرشیان بۆ سەر سنووری پارێزگای هەولێر بوون، بە بەراورد بە مانگی ئایار، ژمارەی هێرشەکان لە مانگی حوزەیراندا بە رێژەی %8 زیادیانکردووە".

رێکخراوی CPTی ئەمریکی رایگەیاندووە، "لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستی یەکلایەنەی پەکەکە لە مانگی ئادار، سوپای تورکیا هیچ هێرش و بۆردوومانێکی بۆ سەر سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجامنەداوە".


PM:11:37:10/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو