بۆ بەشداری لە چەکدانانی پەکەکە شاندێکی دەم پارتی گەیشتە هەولێر


وێستگەنیوز_

شاندێکی دەم پارتی بە سەرۆکایەتی ئەحمەد تورک گەیشتە هەولێر و بڕیارە سبەی لە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بەشداریی بکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی تەمموزی 2025، شاندێکی دەم پارتی بەسەرۆکایەتی ئەحمەد تورک گەیشتە فڕۆکەخانەی هەولێر و لەلایەن فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا، وەک بڕیارە، سبەی هەینی 11ـی تەمموز، پرۆسەی چەکدانانی گروپێک لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) وەک نیازپاکیی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، لە سنووری ڕاپەڕین بەڕێوەبچێت.

ئەندامێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "پرۆسەی چەکدانان لە کات و شوێنی خۆیدا بەڕێوەدەچێت، بە دوو شێوەش دەبێت یەکێکیان بە شاشەیەکی گەورە بۆ جیهان دەگوازرێتەوە، شێوازی دووەمیش بە ئامادەبوونی کەسایەتی و نوێنەرانی ناوخۆیی و جیهانی لە هەموو ئاستێکدا دەبێت". 

هەروەها مورات شەن، نوێنەری دەم پارتی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "جگە لەم شاندە، ژمارەیەکی دیکە لە پەرلەمانتاران، کەسایەتییەکان و رێکخراوەکان لە تورکیا و باکووری کوردستانەوە ئەمشەو لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە دێنە هەرێمی کوردستان".



PM:03:51:10/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت