راگەیەندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆوە لەبارەی شەڕەکەی عەشیرەتی هەرکی و هێزە ئەمنییەکان


وێستگەنیوز_

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا وردەکاریی گرژی و ئاڵۆزییەکانی قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێری ئاشکرا کرد.
 
ئەمرۆ پێنجشەممە 10ـی تەممووز، وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، هۆکاری کێشەکە "ناکۆکی لەسەر زەوی و زار بووە و بەداخەوە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە و دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە و لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە".
 
ئاماژی بەوەشکردووە، "بە هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومی و حیزبی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ توانرا، هەر زوو ئەو کێشەیە سنووردار بکرێت و بە هاوکاریی خەڵکی دەڤەرەکە ناوچەکە ئارام کرایەوە و رێکاری یاسایی بۆ چارەسەریی ناکۆکییەکان و سزادانی سەرپێچیکاران دەستیپێکردووە."
 
وەزارەتی ناوخۆ داوا لە خەڵکی ناوچەکە دەکات کە "بە قسەی ناحەزان و هاندانی دەستی گوماناوی هەڵنەخەڵەتێن و بەردەوام بن لە پابەندی بە رێنماییەکانی ئاسایش و هاوکار بن بۆ نەهێشتنی گرژییەکان."
 
هەروەها وەزارەتی ناوخۆ دڵنیایی دەدات کە: "ئارامی و ئاسایشی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکە و رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادرێت بە هەر مەبەستێک بێت پەرە بە نائارامی و گرژی بدات و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان هەر بە سەقامگیرترین ناوچە لەدەڤەرەکەدا دەمێنێتەوە."


PM:02:38:10/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 988 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت