رۆژنامەنووس رزگار کامیل ئازاد کرا
وێستگەنیوز_
پاش دوو رۆژ لە دەستگیرکردنی، رزگار کامیل، پەیامنێری دهۆکی وێستگەنیوز ئازاد کرا.
سیروان غەریب، سەرۆکی دامەزراوەی وێستگەنیوز رایگەیاند، دوای فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دژی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان و پەیامنێری دەزگاکەمان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی تەمموزی 2025، رزگار کامیل بە کەفالەت ئازادکرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی دەزگای میدیایی وێستگەنیوز، بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەممە کاتژمێر 04:00ـی پاشنیوەڕۆ لەبەردەم لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، گردبوونەوەیەکی مەدەنی دژی دەستگیرکردن و بەرتەسککردنەوەی ئازادی رۆژنامەنووسان ئەنجام بدات، بەو مەبەستەش بانگەوازێکی ئاراستەی ئازادیخوازان، ڕۆژنامەنوسان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، کۆمەڵگای مەدەنی و داکۆکیکار لە مافی ڕۆژنامەنوسان کرد.
سیروان غەریب راشیگەیاند، تەنها پەیامی وێستگەنیوز لە گردبوونەوە مەدەنییەکەدا، ئازادکردنی پەیامنێرەکەی بووە؛ "ئێستاش کە ئازاد کراوە، هیچ گردبوونەوەیەک ئەنجام نادەین".
رۆژی چوارشەممە، لە راگەیەندراوێکدا سیروان غەریب وتی: "رفاندنی کاکە ڕزگار کامیل دژی هەموو مافێکە کە بڕیاربوو بۆ ڕۆژنامەنوسانی دابین بکەن. تکایە ئازادی بکەن و چیتر سومعەی هەرێمەکەمان لای دنیا ناشرین مەکەن".
دووپاتیشی کردەوە کە بۆ ئازادکردنی پەیامنێرەکەیان، "لە پەیوەندی چڕدان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ڕۆژنامەنووسان و کونسوڵخانەکان و رێکخراوە جیهانییەکان".
لە کاتی رووماڵکردنی شەڕی نێوان هێزە ئەمنییەکان و عەشیرەتی هەرکی'ـدا، هەریەک لە رزگار كامیل، پەیامنێری وێستگەنیوز، تایف گۆران، پەیامنێر و رەیان سدقی، وێنەگری كەناڵی NRT لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە دەستگیرکران.
PM:01:18:10/07/2025
ئهم بابهته 648
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت