نیاز عەبدوڵڵا: رۆژنامەنووسان هامەرییان نەسووتاندووە و ئەندامانی هێزە ئەمنییەكانیان نەكوشتووە تا بێسەروشوێن بكرێن

‌وێنەی "رزگار كامیل، تایف گۆران و ریان سدقی

وێستگەنیوز_

نیاز عەبدوڵڵا، چالاکوانی دیاری مافەکانی مرۆڤ لە هەرێـی کوردستان دەڵێت: رۆژنامەنووسانی وێستگەنیوز و كەناڵی NRT هامەری دەزگا ئەمنییەكانیان نەسووتاندووە و ئەندامانی هێزە ئەمنییەكانیان نەكوشتووە تا بێسەروشوێن بكرێن لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە."

نیاز عەبدوڵلا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی: "رزگار كامیل، پەیامنێری وێستگەنیوز لەگەڵ هەریەك لە پەیامنێر و وێنەگری كەناڵی NRT تایف گۆران و ریان سدقی، هامەری دەزگا ئەمنییەكانیان نەسووتاندووە و ئەندامانی هێزە ئەمنییەكانیان نەكوشتووە تا بێسەروشوێن بكرێن لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "رزگار كامیل پاش 10 كاتژمێر لە بێسەروشوێنكردنی، دواتر زاندرا كە دەزگای ئاسایشی بەردەڕەش بە تۆمەتی "ئاژاوە دروستكردن و هاندانی شەڕ" دەستگیریكردووە، دەزگای ئاسایش و زێرەڤانی و پۆلیس و لیواكان، هەمیشە هێزی خۆیان لەسەر رۆژنامەنووسان و خەڵكی مەدەنی تاقیدەكەنەوە، لە كاتێكدا ئەوان تەنیا زانیاری و رووداوەكان دەگوازنەوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەبێت دەستبەجێ رزگار كامیل و تایف گۆران و ریان سدقی ئازادبكرێن و رێگری و بەربەست لەبەردەم كارە رۆژنامەوانییەكانیان دروست نەكرێتەوە. رفاندن و زیندانیكردنی رۆژنامەنووسان لەناو شەڕ و ئاڵۆزییەكی گەورەی وەهادا لە بەردەڕەش كە جۆرەها چەكی تێدا بەكارهێندراوە، شەرمەزاری ئەو دەزگایە لە دەستگیركردنی پەیامنێرەكەی وێستگەنیوز و وێنەگر و پەیامنێرەكەی NRT گەرەتر دەكات."

ئەمە لە کاتێکدایە، لە میانی رووماڵکردنی شەڕی نێوان هێزە ئەمنییەکان و عەشیرەتی هەرکی، هەریەک لە پەیامنێری وێستگەنیوز و کامێرامان و پەیامنێری NRT دەستگیرکراون و هێشتا ئازاد نەکراون.



PM:12:51:10/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت