ئه‌عره‌جی‌ له‌گه‌ڵ‌ مه‌سعود بارزانی‌ و مه‌سرور بارزانی‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدایان تاووتوێ كرد


وێستگه‌نیوز-
ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدایان تاووتوێ كرد.


ماڵپه‌ڕی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 7/9، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ قاسم ئه‌عره‌جی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق كرد.

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "له‌ دیداره‌كه‌دا دوایین پێشهات و گۆڕانكاری و بارودۆخی ئه‌منیی عێراق به‌گشتی تاووتوێ كرا و جه‌خت له‌ "پێویستیی په‌ره‌پێدانی هاریكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ بۆ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری كرا".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ "له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و دابینكردنی ماف و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم".

هاوكات باره‌گای‌ بارزانی‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 9ی ته‌مموزی 2025 له‌ سه‌لاحه‌ددین مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی‌ پارتی‌  پێشوازی له‌ قاسم ئه‌عره‌جی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق كرد.

باره‌گای‌ بارزانی‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "له‌ دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشهاته‌ ئه‌منیه‌كانی ناوچه‌كه‌ كرا. هه‌روه‌ها بیروڕا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گرفته‌كانی نێوان هه‌ردوولا ئاڵۆگۆڕ كرا".


PM:06:16:09/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو