شەوی رابردوو لە هەرێمی کوردستان چی روویدا؟


وێستگەنیوز_

شەوی سێشەممە 8ـی 7ـی 2025، لە سنووری قەزای خەبات لە سنووری هەولێر، شەڕ لە نێوان بەشێک لە عەشیرەتی هەرکی و هێزە ئەمنییەکاندا روویدا، بەو هۆیەوە دوو کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون و تا ئێستاش شەڕ بەردەوامە.

لە کاتێکدا شەڕی قورس لە نێوان هەردوولادا بەردەوامی هەبوو، رزگار کامیل، پەیامنێری وێستگەنیوز پیشەییانە ڕووماڵی ڕووداوەکەی دەکرد، بەڵام لەو کاتەوە ڕفێندراوە و هێشتا بێ سۆراغە.

لە ئەنجامی شەڕەکەدادوو کەس کوژران، کە یەکێکیان پێشمەرگەی زێرەڤانی بوو بە ناوی فەلاح حەسەن و خەڵکی سنووری کفری بوو، کوژراوەکەی دیکەش لە عەشیرەتی هەرکی بوو، ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون هاوکات، چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازی و هەمەر سوتێندران و تێکشكێندران.

خورشید هەرکی رایگەیاند، "لە مەخموور و گوێر و بادینان دۆخەکە لەدەست دەرچووە، لە کوردستان یاسا بوونی نییە و ئەو حکومەتە بەرنامەی نییە". 

هەروەها حەیدەر هەرکی برای خورشید هەرکی بە وێستگەنیوزی راگەیاند، بڕوایان بەو دەسەڵاتە نیە بۆیە خۆیان رادەست ناکەن، تازە کار لە کار ترازاوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین بەرپرس پەیوەندییان پێیانەوە کردووە، "دەرکەوتووە هەمووی فێڵ و تەڵەکە بووە، ویستویانە لە کەرامەتی عەشیرەتی هەرکی بدەن بەڵام زۆر بە هەڵەدا چوون".

دووپاتیشی کردەوە کە، "بەڵگەی تەواوەتیمان هەیە کە ئەو زەوییانە موڵکی ئێمەن، دامودەزگا نەما ئەو بەڵگانە نەبینن، بەڵام دەیانەوێت بە هەڕەمەکی داگیری بکەن"

لە بەرامبەردا، جەوهەر ئاغای هەرکی لە پەیامێکدا بۆ عەشیرەتی هەرکی وتی، "ئێمەی هەرکی ناحەقی قبوڵ ناکەین و ئەو دیکتاتۆرانەی ئەمڕۆ هاتن بۆ سەر هەرکییەکان، کەرامەتیان شکا، لە هەموو شوێنێکەوە دەستپێبکەن و ناحەقی قبوڵ نەکەن، داواش لە هەموو عەشیرەت دەکەم یەک دەست بەرامبەر زۆرداران راوەستن".

لە کاتێکدا شەڕی هەرکی و هێزە ئەمنییەکان لە ئەوپەڕیدا بوو، بەشێک لە گەنجانی قەڵادزێ جارێکی دیکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و رێگای سەرەکی ناوبازاڕی شارەکەیان داخست داوایان کرد "ئاوڕێکیان لێ بدرێتەوە و ناتوانن بە بێ کار و مووچە ژیان بەڕێبکەن".


AM:10:44:09/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 1204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو