مەسرور بارزانی: بەغدا بە شێوەیەکی ناڕەوا و نادادپەروەرانە و بە شێوەیەکی نادەستووری مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 7ی تەموزی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک لە کادیری ئۆرگانەکانی پارتی کۆبووەوە.


بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بێت، لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی پارتی، تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، "هەرێمی کوردستان نابێت بە هەڕەشە و مەترسی بۆ هیچ لایەک و هەمیشە فاکتەرێکی سەرەکی سەقامگیریی و ئارامی دەبێت لە ناوچەکەدا".

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی مەسعود بارزانیدا لە نزیکردنەوەی لایەنە کوردستانییەکان لەیەکتر بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها لە کارکردن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.

لە بارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش، جێگری سەرۆکی پارتی رایگەیاند، "کێشەی ئێمە لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی، کێشەیەکی سیاسییە نەک تەکنیکی، چونکە بەداخەوە لە بەغدا، بە شێوەیەکی ناڕەوا و نادادپەروەرانە و بە جیاکاری و بە شێوەیەکی نادەستووری، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت".

جەختیشی کردەوە، "عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و هەرێمی کوردستانیش، قەوارەیەکی دەستووریی هەیە و دەبێ ڕێز لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێم بگیرێت.دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەرگیز دەستبەرداری هیچ مافێکی دەستووری خۆی نابێت"، ئاماژەشی بەوە دا، "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا لە بەغدان بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا، کێشەی مووچەبڕینی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێت".

مەسرور بارزانی راشیگەیاند، "پارتی داکۆکیکار و پارێزەری یەکەم و سەرەکی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان و گەرەنتی پاراستنی هەرێمە، بۆیە بەهێزبوونی پارتی، بەهێزبوونی کوردستانە و پارتی بە پشتیوانیی خوای گەورە و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، هەمیشە بەرەو سەرکەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێت".


PM:02:45:07/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 828 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو