بەرگریی تورکیا: ژمارەی ئەو سەربازانەی لە ئەشکەوتەکەی هەرێمی کوردستاندا بە گازی میسان مردن بۆ 12 کەس بەرزبووەوە


وێستگەنیوز_

وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایدەگەیەنێت، ژمارەی ئەو سەربازانەی لە ئەشکەوتێکی هەرێمی کوردستان بە گازی میسان مردوون، بۆ 12 سەرباز بەرزبووەوە.

رۆژی یەکشەممە 6ـی تەمووزی 2025 وەزارەتی بەرگریی تورکیا مردنی 5 سەربازی هێزەکانی لە ئەشکەوتێکی هەرێمی کوردستان بەهۆی کاریگەریی گازی میسانەوە راگەیاند.
 
دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک و بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 7ی تەممووز، وەزارەتەکە لە راگەیەندراوی دووەمیدا ئاشکرای کرد، "ژمارەی ئەو سەربازانە بۆ 8 سەرباز بەرزبووەتەوە."
 
بەڵام کەمێک لەمەوبەر وەزارەتی بەرگری وڵاتەکە لە سێیەمین راگەیەندراویدا وتی، ژمارەی ئەو سەربازانەی تورکیا کە لە ئەشکەوتێکی هەرێمی کوردستان مردن، بۆ 12 کەس بەرزبووەوە.
 
پێشتر بەم جۆرە ڕووداوەکە باس کرا، "هێزێک کە لە 19 سەرباز پێکهاتبوو بۆ دۆزینەوەی تەرمی سەربازێکیان بەناوی مەلیح بۆزکوڕ، کە رۆژی 28ـی ئایاری 2022 بە دەستی پەکەکە کوژرابوو و تەرمەکەشی لە دەستی پەکەکە بوو، چوونە ناو ئەشکەوتێک، بەڵام لە ئەشکەوتەکەدا گازی میسان هەبووە و ئەوەش هۆکاری مردنی سەربازەکان بووە".

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، فەخرەدین ئاڵتوون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی تورکیا روونکردنەوەیەکی لەبارەی هۆکاری مردنی سەربازەکان بڵاوکردەوە؛ و رایگەیاند، "ئەشکەوتەکە پێشتر وەکو بنکەیەکی تەندروستی لەلایەن پەکەکەوە بەکارهاتووە، بەپێی زانیارییەکانمان، ئەو گازە دەردراوەی میسان کە لە ئەشکەوتەکەدا بووە، بەهۆی کەڵەکەبوونی سروشتییەوە بووە و دەمێکە لەناو ئەشکەوتەکەدا قەتیس بووە."
 
هەروەها وتیشی: "لەو کاتەی 19 سەربازەکەی تورکیا چوونە ناو قوڵایی ئەشکەوتەکە، هەست بە کاریگەریی بەهێزی گازەکە کراوە و لەکاتی پاشەکشەکردن و هەوڵی دەرچووندا، بەهۆی گازەکەوە زۆر ژەهراوی بوون، سەرباری هەوڵەکان لەلایەن تیمی تەندروستیی سەربازییەوە، گیانیان لەدەستدا. جەختی لەوەش کردەوە، سەربازەکانی دیکەش لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە تورکیا چارەسەر وەردەگرن".


AM:11:58:07/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 804 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو