شاندی دەم پارتی و ئەردۆغان کۆدەبنەوە.. ئۆجەلان چی لە بارەی ئەم کۆبوونەوەیەوە وتووە؟


وێستگەنیوز_

شاندی دەم پارتی دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ عەبدولڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ڕایانگەیاند، کۆبوونەوەکە زۆر ئەرێنی بووە و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆدەبنەوە.

بڕیارە کاتژمێر 03:00ـی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی تەمووزی 2025، شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی دوایین  پەیامی عەبدولڵا ئۆجەلان و هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و چەکدانانی پەکەکە، لەکۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار گفتوگۆ بکەن.

شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، لە دەستپێکی پرۆسەی ئاشتییەوە، شەش جار لەگەڵ عەبدولڵا ئۆجەلان کۆبوونەتەوە، لە دوایین کۆبوونەوەیان.؛ شاندەکە وتی: "ئۆجەلان ڕایگەیاندووە، پرۆسەکە دەچێتە نێو قۆناغێکی نوێوە و بەرپرسیارییەتی دەکەوێتە ئەستۆی گشت لایەک، داوای کردووە، ئەوەی پێویست بێت بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە ئەنجامی بدەن".

هەر بە وتەی شاندەکە، "ئۆجەلان باسی لە گرنگیی کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کردووە کە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەبچێت و وتویەتی: کۆبوونەوەکە زۆر گرنگ و مێژوویی دەبێت"، شاندی ئیمراڵیش باسیان لەوە کردووە کە، هیوا و متمانەی ئۆجەلان بە ڕۆڵی ئەم پرۆسەیە بۆ تورکیایەکی دیموکراسی لە ڕادەبەدەر بەهێزە.

کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئەردۆغان لە کاتێکدایە کە هەمووان چاویان لە کۆتایی خاڵەکانی پرۆسەی ئاشتییە کە تێیدا گروپێکی سەر بە پەکەکە بڕیارە لەنێوان 10 بۆ 12ـی 7ـی 2025، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و شاندی دەم پارتی و ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆ و جیهانیی لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەک دابنێن، یاخوود لەناوی ببەن.

https://westganews.net/dreja.aspx?=hewal&jmara=145663&Jor=1


AM:09:50:07/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو