مەسعود بارزانی و مەشهەدانی: پێویستە بە زووترین کات کێشەی ناردنی مووچە چارەسەر بکرێت


وێستگەنیوز_

مەسعود بارزانی پێشوازیی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و بارەگای بارزانی دەڵێت: "هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە بەزووترین کات کێشەی ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت."
 
ئەمرۆ یەکشەممە 6ی تەمووزی 2025 لە سەڵاحەددین، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی مەحموود مەشهەدانی کرد.
 
بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوە لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق، کێشەکانی نێوان حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان و بڕیاری بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە.
 
ئاماژەی بەوەش داوە، "جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و بە رەچاوکردنی بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان کێشەکان چارەسەر بکرێن. بە هیچ شێوەیەکیش قوتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکرێت، بە زووترین کات کێشەی ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت."
 
بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوەکە باسی لەوەشکردووە، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و راستکردنەوەی هەڵە و کەموکوڕییەکانی ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق تەوەری دیکەی ئەو دیدارە بوون.


PM:03:39:06/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو