وێستگه نوێترین مه‌رجی عێراق بۆ ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بڵاوده‌كاته‌وه
وێستگه‌نیوز-
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه ده‌ست وێستگه كه‌وتووه، مه‌رجی حكومه‌تی عێراق بۆ ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆران و خانه‌نشینانی هه‌رێم، راده‌ستكردنی ته‌واوی نه‌وته، حكومه‌تی هه‌رێمیش متمانه‌ی به به‌غدا نییه و نایه‌وێت هه‌موو نه‌وته‌كه راده‌ست بكات.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ 5ی ته‌مموزه، به‌ڵام تا ئێستا فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێم مووچه‌ی مانگه‌كانی ئایار و حوزه‌یرانی رابردوویان وه‌رنه‌گرتووه، حكومه‌تی عێراق مووچه‌كه‌ی نه‌ناردووه و داواكاری هه‌یه، حكومه‌تی هه‌رێمیش ده‌ڵێت كه چاوه‌ڕوانی به‌غدا ده‌كات مووچه بنێرێت تا دابه‌شی بكات.
سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای ئاگادار له وتووێژه‌كانی نێوان حكومه‌تی عێراق و هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه به وێستگه‌نیوزی وت كه "له ئێستادا به‌غدا سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌موو نه‌وتی هه‌رێم راده‌ست بكرێت و له‌ڕێی كۆمپانیای به‌بازاڕكردنی نه‌وتی عێراق (سۆمۆوه) هه‌نارده بكرێت، ئه‌وكات مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی هه‌رێم ده‌نێرێت".
سه‌رچاوه‌كه كه له‌به‌ر هه‌ستیاری دۆخه‌كه داوایكرد ناوی نه‌هێنرێت، باسی له‌وه‌شكرد كه "لای خۆیه‌وه حكومه‌تی هه‌رێم متمانه‌ی به حكومه‌تی عێراق نییه و مه‌ترسی هه‌یه دوای راده‌ستكردنی هه‌موو نه‌وته‌كه‌ش، به‌غدا هه‌ر پاره نه‌نێرێت، بۆیه داوای كردووه به‌شێكی نه‌وته‌كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا بمێنێته‌وه و مامه‌ڵه‌ی پێوه بكات".
وتیشی: "له‌نێوان داواكارییه‌كه‌ی حكومه‌تی عێراق و بێمتمانه‌یی حكومه‌تی هه‌رێم، دۆخی مووچه به‌م ئاسته گه‌یشتووه و له‌و نێوه‌نده‌دا مووچه‌خۆرانی هه‌رێم بوون به قوربانی".
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست وێستگه كه‌وتووه، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو هه‌وڵی جددی دراوه بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م كێشه‌یه و وه‌زیره كورده‌كانی حكومه‌تی عێراق هه‌وڵی زۆریان داوه تا ئاشته‌وایی سیاسی و دارایی له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا دروست بێت و متمانه بۆ هه‌ردوولا بگه‌ڕێته‌وه.
وه‌ك ئه‌وه‌ی به وێستگه گه‌یشتووه، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا خالید شوانی وه‌زیری دادی عێراق له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران كۆبووه‌ته‌وه و دوای وتووێژێكی زۆر، به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی لێ وه‌رگرتووه كه هه‌وڵی جددی بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چیتر مووچه‌خۆری هه‌رێم له‌چاوه‌ڕوانیدا نه‌بێت و نه‌بێته قوربانی.
سه‌رچاوه ئاگاداره‌كه راشیگه‌یاند كه به‌هۆی ئه‌وه‌ی كۆتایی هه‌فته‌یه و پشوو بووه، ئه‌مڕۆ كه شه‌ممه‌یه؛ هیچ هه‌نگاوێك و شتێكی نوێ له‌وباره‌یه‌وه نییه.
PM:03:54:05/07/2025
ئه‌م بابه‌ته 2572
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت