عێراق "تۆمه‌ت"ه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم به‌رامبه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی ئه‌منی ره‌تده‌كاته‌وه
وێستگه‌نیوز-
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 5ی ته‌مموزی 2025 حكومه‌تی عێراق رایگه‌یاند كه "تۆمه‌ت"ه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان له‌دژی دامه‌زراوه‌یه‌كی ئه‌منی ره‌تده‌كاته‌وه و داوای كرد به‌ڵگه‌ی پشتڕاستكردنه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌كانی بخاته‌ڕوو.
سه‌باح ئه‌لنوعمان وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی: "تۆمه‌تباركردنی دامه‌زراوه‌یه‌كی ئه‌منیی فه‌رمی عێراق له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جێگه‌ی قبوڵكردن نییه، ئیدانه‌كراوه و رێگه‌پێنه‌دراوه به هه‌ر بیانوویه‌ك بێت، به‌تایبه‌تی كه بێ به‌ڵگه‌یه و داوا ده‌كه‌ین به‌ڵگه بخرێته به‌رده‌م لایه‌نه فه‌رمییه‌كانی حكومه‌ت ئه‌گه‌ر به‌رده‌ست بێت".
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه "حكومه‌تی فیدراڵی به دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كانییه‌وه، له زیاتر له بۆنه‌یه‌كدا پشتڕاستیكردووه‌ته‌وه كه سازشی نه‌كردووه و نایكات له گه‌لی عێراقێكی یه‌كگرتوو و ئاسایشه‌كه‌یان".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه " حكومه‌تی فیدراڵی درێغی ناكات له گرتنه‌به‌ری رێكاری یاسایی توند به‌رامبه‌ر هه‌ر لایه‌نێك كه هه‌وڵی تێكدانی سه‌قامگیری یان تێكدانی ئاسایش له سه‌رتاسه‌ری عێراق بدات".
وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق جه‌ختیشی كرده‌وه كه "ئاڵنگارییه‌كانی ئێستا پێویستی به هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له ڕێگه‌ی كه‌ناڵه فه‌رمییه‌كانه‌وه هه‌یه، نه‌ك په‌نابردن بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و بڵاوكردنه‌وه‌ی راپۆرت و به‌یاننامه كه ده‌رفه‌ت ده‌دات به كه‌سانێك كه له بۆسه‌دان سوكایه‌تی به‌و دامه‌زراوه عێراقییانه بكه‌ن كه پارێزگاری له عێراق و به‌رگری لێده‌كه‌ن و ئاسایشی ئه‌و وڵاته ده‌پارێزن. هه‌روه‌ها پاساو بۆ لایه‌نه دوژمنكاره‌كان ده‌ره‌خسێنن بۆ تێكدانی سه‌قامگیریی عێراق".
ئه‌م راگه‌یه‌ندراوه‌ی وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق دوای ئه‌وه دێت كه پێشتر وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "له چه‌ند میدیایه‌كی ئه‌لیكترۆنی فه‌رمی له ئێران، وا بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه گوایه شه‌وی رابردوو له هه‌ولێر به درۆن هێرش كراوه‌ته سه‌ر بنكه‌یه‌كی سه‌ر به ئیسرائیل".
وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌ڵێت: "هه‌موو ئه‌و هه‌واڵانه چهواشهكارین و دوورن له ڕاستی، نه بنكه‌ی ئیسرائیلی له كوردستان هه‌یه و نه ئۆپه‌راسیۆنێكی له‌م شێوه‌یه‌ش ئه‌نجام دراوه".
ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو كه "شه‌وی ڕابردوو درۆنێك له ناوچه‌یه‌كی چۆڵه‌وانی له نزیك هه‌ولێر كه‌وتووه‌ته خواره‌وه".
راشیگه‌یاندووه كه "ئه‌م هێرشانه‌ش له لایه‌ن هه‌ندێ گرووپی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی به مه‌به‌ستی ئاژاوه‌نانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن و پێویسته لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له حكومه‌تی فیدراڵی سنوورێك بۆ ئه‌م كاره تێكده‌رانه دابنێن و ڕێكاری یاسایی به‌رانبه‌ر به تاوانباران بگرنه به‌ر".
PM:03:09:05/07/2025
ئه‌م بابه‌ته 712
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت