وتەبێژی دەم پارتی: پرۆسەی چەکدانان دەستپێدەکات و دەچینە قۆناغێکی نوێوە


وێستگەنیوز-

وتەبێژی دەم پارتی رایدەگەیەنێت، پرۆسەی چەکدانان دەستپێدەکات، ئاماژە بەوەشدەکات، پرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی تەموزی 2025، ئایشەگول دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "رۆژانی داهاتوو بۆ پرۆسەی چەکدانان زۆر گرنگ و مێژوویە، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە پێمان دراون ئامادەکاری دەکرێت بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "دەچینە قۆناغێکی نوێوە، لەماوەی هەفتەی داهاتوودا چەند هەنگاوێکی گرنگ دەنرێت و هەموان شاهێدی ساتی مێژوویی دەبن".

وتەبێژی دەم پارتی وتی، "پرۆسەکە لەهەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، ئەم هەنگاوانە بەپێی راسپاردەکانی کۆنگرەی پەکەکەیە و جێبەجێدەکرێت. دەتوانین بڵێین خەریکە دەچینە نێو قۆناغێکی نوێ".

وتیشی، "بێگومان لایەنێکی ئەم قۆناغەش ئەو کۆمیسیۆنەیە کە چاوەڕوان دەکرێت لە پەرلەمان دامەزرێت".

ئەوەشی خستەڕوو، "کۆدەنگییەک سەبارەت بە دامەزراندنی کۆمسیۆنەکەی پەرلەمان دروست بووە، کۆمسیۆنەکە رۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت سەبارەت بەوەی کە لەمەودوا چی بکرێت بۆ پرۆسەکە".


PM:05:35:03/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو