نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی یونامی جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەنەوە
وێستگەنیوز_
ئەمرۆ پێنجشەممە، 3ـی تەمووزی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیکرد لە محەممەد ئەلحەسان، سەرۆکی نوێی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) و رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی، هەموو پشتیوانی و ئاسانکارییەک پێشکەش دەکات."
بەگوێرەی راگەیەندراوێک کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەماهەنگیی نێوان یونامی و لایەنە پەیوەندیدارەکان و دوا پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانیان تاوتوێ کراون.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی "سوپاس و پێزانینی بۆ رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و یوونامی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە و ئامادەیی نیشانداوە بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکاری و هەماهەنگی و پشتیوانییەکی پێویست تا ماوەی کۆتاییهاتنی ئەرکیان."
محەممەد ئەلحەسان ستایشی هاوکاریی لایەنەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە و جەختی لە "گرنگیی پاراستنی عێراق لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کردووەتەوە."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر - بەغدا و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن، لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراقدایە و خزمەت بە پاراستنی ئارامی، سەقامگیری و گەشەسەندنی وڵات دەکات."
PM:01:17:03/07/2025
ئهم بابهته 192
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت