سەرۆکی دەزگای میت لەگەڵ هەریەک لە بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی کۆبووەوە


وێستگەنیوز_

میدیای فەرمی تورکیا دەڵێت، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) لە هەولێرە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە.
 
میدیای فەرمی تورکیا رایگەیاند، ئیبراهیم کاڵن بە جیا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ کۆبووەتەوە.
 
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، گرنگترین پرسی کۆبوونەوەکان پرۆسەی چارەسەری بووە و ئیبراهیم کاڵن جەختی لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردووەتەوە و بە گرنگی زانیوە تووندوتیژی و شەڕ لە ناوچەکەدا کۆتایی بێت. 
 
دەشڵێت، هەر لە کۆبوونەوەکاندا ئاسایشی تورکمانەکان و رۆڵیان لە پرۆسەی سیاسیدا گفتوگۆی لەسەر کراوە و ئیبراهیم کاڵن پشتیوانیی تورکیای بۆ تورکمانەکانی عێراق دووپات کردووەتەوە.
 
سەرۆکی میت رایگەیاندووە، لە قۆناخی داهاتوودا ئەنقەرە دیدار و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر دەکات.
 
هەروەها پرسی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێرانیش لە دیدارەکاندا گفتوگۆی لەسەر کراوە.


PM:10:20:01/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 1172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو