لە پارێزگای دهۆک 61 کەس بەربژێرن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
وێستگەنیوز-
بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێڕاق لە دهۆک رایدەگەیەنێت، لە پارێزگای دهۆک 61 کەس بەربژێرن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، 10 لیست بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کێبڕکێ دەکەن.
ئەمڕۆ شەممە 28ی حوزەیرانی 2025، پارێزگاری دهۆک ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق تەواوکرد لەوبارەیەوە خالید عەباس، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێڕاق لە دهۆک بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند، "پارێزگای دهۆک 11 کورسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا هەیە، کە هەشت کورسی بۆ پیاوان و سێ کورسی بۆ ژنان و یەک کورسی بۆ پشکی مەسیحییەکانە".
ئاماژەی بەوەکرد، " لە دهۆک 10 لیست بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کێبڕکێ دەکەن کە بریتین لە، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بەرەی گەل، کۆمەڵی دادگەری، رەوتی هەڵوێست، پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، نەوەی نوێ، رەوتی بابلیۆن و رەوتی نیشتمانی ئاشووری، هەروەها ئەو پارت و فراکسیۆنە سیاسیانە بە فەرمی لیستەکانیان پێشکەش بە نووسینگەی کۆمسیۆن کردووە".
ئەوەشی خستەڕوو، "کۆی گشتی کاندیدەکان لە دهۆک 61 کەسە، کە 40 کەسیان پیاون و 21 کەسیان ژنن".
خالید عەباس وتی، "رەنگە گۆڕانکاری لە لیستی کاندیدەکاندا رووبدات دوای بەدواداچوون و ئەستۆپاکی بۆ کاندیدەکان".
وتیشی، "لە هیچ بارودۆخێکدا ڕێگە بە بانگەشەی هەڵبژاردن نادرێت بەبێ پەسەندکردنی ناوی کاندیدەکان".
بەپێی ئەو وادەیەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاریکردووە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.
PM:05:13:28/06/2025
ئهم بابهته 328
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت