هەپەگە: هێرشەکانی سوپای تورکیا بەربەست بۆ پرۆسەی ئاشتی دروستدەکەن


وێستگەنیوز-

ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایدەگەیەنێت، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان زیادیان کردووە.


ئەمڕۆ شەممە 28ی حوزەیرانی 2025، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، "لە دوو هەفتەی رابردوودا بەراورد بە پێشتر، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە سنووری قەزای ئامێدی و سنووری زێی گەورە زیادیان کردووە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "سوپای تورکیا لە رۆژانی 21 - 26ی ئەم مانگە لە رێگەی درۆنەوە نۆ جار لە ناوچەکانی نزیک لە رووباری زێی گەورە و 11 جاریش لە ناوچەی مەتین لە هەرێمی کوردستان، بۆردوومانی پێگەکانی پەکەکەی کردووە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، گەریلاکانی پەکەکە لە رۆژانی 24 - 26ی ئەم مانگەدا بەرپەرچی هێرشەکانی سوپای تورکیایان داوەتەوە.

هەپەگە لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت، "هێرشەکانی سوپای تورکیا بەربەست بۆ پرۆسەی ئاشتی دروست دەکەن".

هێرشەکانی سوپای تورکیا لە کاتێکدان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە 27ی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت، هەروەها 12ی ئایاری 2025 پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ی خۆی راگەیاند، کە لە 5 - 7ی ئایار بەڕێوەچووبوو، پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.


PM:04:35:28/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت