دوای سێ دەیە لە بۆردومانی ناوەندی کۆمەڵایەتی جولەکەکان؛ ئەرجەنتین بە شێوەی ئامادەنەبوو بەرپرسانی پێشووی ئێران دادگایی دەکات


وێستگەنیوز_ AFP

دادوەرێکی ئەرجەنتینی بڕیاریداوە بە شێوەی ئامادەنەبوو (غیاب) تۆمەتبارانی هێرشەکەی ساڵی 1994 بۆ سەر ناوەندێکی کۆمەڵایەتی جولەکەکان لە شاری بوینس ئایرێس؛ دادگایی بکات کە بەهۆیەوە 85 کەس کوژران.

دوای سێ دەیە لە کوشندەترین بۆردومان لە مێژووی ئەرجەنتین، دادوەرێک ڕۆژی پێنجشەممە بڕیاریدا بە دادگاییکردنی ئەو 10 تۆمەتبارەی تێوەگلاون لە هێرشکردنە سەر ناوەندێکی کۆمەڵایەتی جولەکەکان کە بووە هۆی کوژرانی 85 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 150 کەس.

دەسەڵاتدارانی ئەرجەنتین ئەو دە کەسەیان تۆمەتبار کردووە بە داڕشتنی هێرشەکەی ساڵی 1994 بۆ سەر بارەگای کۆمەڵەی هاوبەشی جولەکەکانی ئەرجەنتین لە بوینس ئایرێس، لەنێویاندا بەرپرسانی پێشووی حکومەتی ئێران و ئەوانی دیکە کە دەڵێن ئەندامی گروپی چەکداری حزبوڵای لوبنانن. ئەو کەسانەی وەک تۆمەتبار ناویان هاتووە بریتین لە "عەلی فەلاحیان وەزیری پێشووی ئیتلاعاتی ئێران، عەلی ئەکبەر ڤێلایتی وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران، موحسین ڕەزایی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، هادی سولەیمان پوور باڵیۆزی پێشووی ئێران لە ئەرجەنتین و ستافی دیکەی باڵیۆزخانەکە."

نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک وەڵامی داواکارییەکەی ئەرجەنتینی نەداوەتەوە بەو پێیەی پێشتر بە فەرمی تاران ڕەتیکردووەتەوە دەستی لەو ڕووداوەدا هەبوبێت و تۆمەتباران ڕادەستبکات.

هاوکات چەند کەسێكی لوبنان و کۆڵۆمبیا کە گومانی پەیوەندییان لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان هەیە، تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە هێرشەکەدا.

ئەرجەنتین گەورەترین کۆمەڵگەی جولەکەکانی ئەمریکای لاتینی هەیە. خافێر میلی سەرۆکی وڵاتەکەی پشتیوانی لە حکومەتەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکات و هاوپەیمانن.

بەر لە دوو ساڵ لەم هێرشە، هێرشێکی هاوشێوە بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە بوینس ئایرێس لە ساڵی 1992دا روویدا و بەهۆیەوە 22 کەس کوژران.


PM:01:38:27/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت