دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان: دەستگیرکردنی رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان بۆ پاراستنی گیانی ئەوان و خەڵکی ناڕازی بوو
وێستگەنیوز_
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکان بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "پارێزگای سلێمانی هەمیشە مەڵبەندی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی خۆپیشاندان و ئازادیی کار و چالاکیی سیاسیی بووە و هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیش شانازی بەوەوە دەکەن کە هەرگیز لە هیچ هەوڵێک درێخییان نەکردووە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ناڕازی لە چین و توێژە جیاوازەکان".
دەشڵێت، "وەک لە راگەیەنراوی پێشووماندا ئاماژەمان پێدابوو، لەم ماوەیەدا بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە زەمینە لەبار نییە بۆ خۆپیشاندان، ئێستاش بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتر هاوڵاتییان و خەڵکی ناڕازی بەپێویستی دەزانین رایبگەیەنین، لە رۆژانی رابردوودا بە وردی ئاگاداری پیلانێکی دەستێکی گێرەشێوێن بووین کە بەنیاز بوون خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆشەویستی سلێمانی وەک دەرفەتێک بقۆزنەوە بۆ تێکدانی ئارامی و سەقامگیریی پارێزگاکەمان و لەرێگەی گێرەشێوێنییەوە لەناو خۆپیشاندەران و داواکارانی هەق، مەرامە سیاسییەکانی خۆیان بەدیبهێنن".
باس لەوەش دەکات، "بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم پیلانگێڕییە، بەداخەوە ناچاربووین لە دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان دەستگیربکەین کە هیچ ئاگاداری پیلانگێڕییەکە نەبوون و ئامانجی ئێمەش لە دەستگیرکردنیان، تەنها پاراستنی گیانی ئەوان و خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی بوو بۆ ئەوەی هیچ کەسێک نەبێتە قوربانی. لەم چوارچێوەیەشدا لەگەڵ ئەوەی هێزەکانی ئێمە زۆر بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا کردووە، بەڵام بە پێویستی دەزانین داوای لێبوردنیان لێبکەین و دڵنیایان بکەینەوە کە ئەم هەوڵەمان، تەنها بۆ پاراستنی خۆیان و پاراستنی ئارامیی شار بووە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "هاوڵاتییانی بەڕێزیش ئاگاداردەکەینەوە کە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانیش وەک هەموو مووچەخۆرانی بەڕێز ناڕازین لە دواکەوتن و نەناردنی مووچە و دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ هەموو دەنگە ناڕازییەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەرکی هێزە ئەمنییەکان پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و ژیانی هاوڵاتییانە و بەدڵنیاییەوە لەم بوارەشدا، لە هیچ هەوڵێک درێخی ناکەین. جارێکی دیکەش هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە کە سلێمانی وەک هەمیشە مەڵبەندی ئازادییەکان دەمێنێتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش پارێزەری ئازادی و سەربەستیی هاوڵاتییانن".
PM:05:05:26/06/2025
ئهم بابهته 692
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت