"پێشنیازی بەستنی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی کراوە"
وێستگەنیوز_
ئەمرۆ پێنجشەممە 19ـی 6ـی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەیمەن سەفەدی، هاوتا ئوردنییەکەی، پێشنیازی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبییان کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەکە تاوتوێی پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکەی کرد، بەتایبەتی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئیران و ئەو لێکەوتانەی کە لە ئەنجامیدا رووبەڕووی ئاسایش و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبنەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەردوو وەزیر جەختیان لە رەتکردنەوەی زیادبوونی گرژییەکان و پێویستیی کاری هاوبەش بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە و رێگریکردن لە فراوانبوونی کردەوە.
هەروەها ئامادەکارییەکانیان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی تاوتوێ کرد کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە شاری ئیستەنبووڵ بکرێت، جەختیشیان لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی هەڵوێستەکان لەنێوان وڵاتانی ئەندام کردەوە، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی گرتنەبەری هەڵوێستێکی یەکگرتووی ئیسلامی بەرامبەر بەم پەرەسەندنە مەترسیدارە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا پێشنیازی بەستنی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی لە کاتی کۆنفرانسەکەدا کرا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوی بەکۆمەڵی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی بۆ راگرتنی گرژییەکان و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و بەرژەوەندیی گەلەکانی.
AM:09:43:19/06/2025
ئهم بابهته 180
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت