نوسینگه‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتی: هێرشه‌كانی سه‌ر ئێران بوونه‌ته هۆی زیادكردنی ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
وێستگه‌نیوز-
نوسینگه‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند كه "ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی سه‌ر ئێران ده‌كه‌ین كه بوونه‌ته هۆی زیادكردنی ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌هه‌مانكاتدا پێشێلكارییه‌كی ئاشكرای سه‌روه‌ری عیراقیشه".
نوسینگه‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتی له راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: "ئه‌م كارانه بنچینه‌كانی یاسا و رێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان لاوازده‌كه‌ن و ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كی زیاتر بخاته‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه هه‌ستیاره‌ی كه له ناوچه‌كه‌دا هه‌یه".
جه‌ختیشی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه "ئه‌مه‌ی ئێستا رووده‌دات ته‌نها كارێكی بێباكانه نییه، به‌ڵكو به‌ئامانجگرتنی به‌ئه‌نقه‌ست و په‌كخستنی ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه دیپلۆماسییانه‌یه كه سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ ده‌ستیپێكردوون".
ده‌شڵێت: "هه‌وڵه‌كانی ئیداره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ بۆ رۆژهه‌ڵاتێكی ناوه‌ڕاستی هاوسه‌نگ و سه‌قامگیر، له‌ڕێگه‌ی گفتوگۆ و دیالۆگه‌وه بوونه‌ته هۆی دانانی بناغه‌یه‌ك بۆ به‌ره‌وپێشچوون بۆ داهاتوو، ئه‌م كارانه‌ش هێرشێكی راسته‌وخۆن بۆسه‌ر ئه‌م هه‌وڵانه".
له به‌شێكی تری راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه "پرسه و سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاڕاسته‌ی كه‌سوكاری ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌ین كه له‌م هێرشانه‌دا گیانیان له‌ده‌ستداوه به‌تایبه‌ت سڤیله‌كان، كه به‌م ئازاره قورس و سه‌خته‌دا تێپه‌ڕده‌بن".
داواش له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات كه "هه‌نگاوی راسته‌وخۆ بنێت بۆ رێگریكردن له په‌ره‌سه‌ندنی زیاتر. خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێویستی به ئاشتییه‌كی هه‌میشه‌یی هه‌یه ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌رێگای دیالۆگ و گفتوگۆوه ده‌ستده‌كه‌وێت".
نوسینگه‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتی جه‌ختی له‌وه‌ش كردووه‌ته‌وه كه "كه هه‌رێمی كوردستان ئارام و سه‌قامگیر بێت و به ئاشتی بمێنێته‌وه. هه‌موو هه‌وڵه‌كانمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ دڵنیابوونه‌وه له پارێزگاریكردن له خه‌ڵكه‌كه‌مان و ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ی كه زۆر به جددی كارمان بۆ كردووه، ته‌نانه‌ت له‌و كاتانه‌شدا كه ئاڵۆزی چوارده‌وری گرتووین".
PM:07:19:15/06/2025
ئه‌م بابه‌ته 6276
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت