رێباز حەملان: حکومەتی عێراق فشارێکی زۆری ئەمریکای لەسەرە بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە


وێستگەنیوز_

یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، فشارێکی زۆری ئەمریکا و ناوخۆیی لەسەر حکومەتی عێراق هەیە بۆ چارەکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. 

ئەمرۆ چوارشەممە، 11ـی 6ـی 2025، ڕێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگه‌یاند، هەردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراق چاوه‌ڕێی فه‌رمانی ئەمری وەلائیی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ده‌كه‌ن بۆ چارەکردنی کێشەی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئینشائەڵڵا ئەمری وەلائی (وەزاری) بەو ئاراستەیە دەردەچێت کە دەست بە خەرجکردنی مووچە بکرێت، چونکە مووچە مافێکی دەستووری و یاساییە و بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و ئەو ڕێککەوتنەی لە 1ـی 2ـی 2025، لە نێوان هەردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراق کراوە دەبێت خەرج بکرێت. هیوادارین هیچ کۆسپێکی دیکە دروست نەکەن."

بە وتەی رێباز حەملان، لە ‌كۆی 13 ترلیۆن و 334 ملیار دینار کە لە یاسای بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کراوە‌، تا ئێستا وەزارەتی دارایی فیدراڵی ته‌نیا سێ ترلیۆن و 834 ملیۆن دینار بۆ مووچه‌ی چوار مانگی ڕابردوو خه‌رج کردووە.

هەروەها دووپاتی كرده‌وه‌، "فشارێكی زۆری ئه‌مریكا له‌سه‌ر حكومه‌تی فیدراڵ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان چاره‌ بكات. هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بە مەبەستی چارەکردنی کێشەی مووچە، بەردەوام لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیدایە."

ناردنی مووچەی فەرمانبەران کەوتووەتە دەست دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، دادگاکە لە نۆ دادوەری سەرەکی پێک دێت. لەم مانگەشدا پێنج دادوەر بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج چووبوونە مەککە، کە یەکێکیان سەرۆکی دادگاکەیە. بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، پێویستە هەموو دادوەرەکان ئامادەبن بۆ بڕیاردان لەسەر هەر داواکاری و سکاڵایەک بۆیە کۆبوونەوەی تایبەت بەو پرسە دواکەوت.


PM:03:26:11/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 536 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت