تەرمی کەریم شنگالی گەیشتەوە هەرێمی کوردستان


وێستگەنیوز_

دوێنێ سێشەممە، 10ـی 6ـی 2025، کەریم شنگالی، وەزیری پێشووی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 75 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی 6ـی 2025، بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەرمی کەریم شنگالی، وەزیری پێشووی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتەوە هەرێمی کوردستان.

عەبدولکەریم سوڵتان عەبدوڵڵا، ناسراو بە کەریم شنگالی، ساڵی 1950 لەدایکبووە و پێشمەرگەی شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان بووە. لە ساڵی 2022دا کەریم شنگالی بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی چووە دەرەوە و لە حوزەیرانی 2022دا گەڕایەوە، لەو کاتەوە لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بوو.
 
کەریم شنگالی دوای راپەڕینی کوردستان، ساڵانی 1993 - 1994 بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بووە و لە کابینەکانی پێنجەم، شەشەم، حەوتەم و هەشتەمی هەرێمی کوردستانیش وەزیری ناوخۆ بووە.
 
پاش ئەوەی ساڵی 2005 کابینەی یەکگرتووی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی پێکهێندرا، کەریم شنگالی بە وەزیری ناوخۆ دیاریکرا.


PM:12:24:11/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت