حەیدەر بەرزنجی: قبوڵ ناکرێت پرسی مووچە بۆ مەبەستی سیاسی یان هەڵبژاردن بقۆزرێتەوە


وێستگەنیوز_

حەیدەر بەرزنجی، شرۆڤەکاری عێراقی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس روونکردنەوەیەکی لەبارەی لێدوانەکانی رۆژانی رابردووی سەبارەت بە مووچە بڵاوکردووەتەوە کەپێی وایە "هەندێک هەوڵیان داوە ڕاستییەکان بشێوێنن".

حەیدەر بەرزنجی کە شرۆڤەکارێکی نزیکە لە لایەنە سیاسییە شیعەکان و چوارچێوەی هەماهەنگی؛ نوسیویەتی: "مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مافێکی ڕەوا و ئەرکێکە کە سازشی لەسەر ناکرێت. من لەگەڵ مافەکانی گەلەکەمدا وەستاوم، کە تاوانبار نین بەو جیاوازییە سیاسیانەی کە ڕوودەدەن، بەتایبەتی لەم کاتە هەستیارەدا. ئەم پرسە ئاڵۆزە تەنها بە پابەندبوون بە دەستوور و یاسا و پەنابردن بۆ گفتوگۆ و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە لە نێوان هەموو لایەنەکاندا چارەسەر دەکرێت."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "قبوڵ ناکرێت ئەم پرسە هەستیارە مرۆییە بۆ مەبەستی سیاسی یان هەڵبژاردن بقۆزرێتەوە، وەک هەندێک باوەڕیان وایە یان پێشی دەخەن."

دەشپرسێت، چۆن بانگەوازی بێبەشکردنی گەلەکەمان بکەین کە ئەوەندە قوربانی داوە بۆ ئازادی و ڕزگاری لە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری؟"

بە وتەی حەیدەر بەرزنجی، "هەندێک لایەن هەوڵیان داوە ڕاستییەکان بشێوێنن، هەڵوێستی ئێمەیان وەک هەوڵێک بۆ هەڵگیرسانی قەیرانێکی نیشتمانی یان کۆمەڵایەتی نیشانداوە و تۆمەتی درۆیان خستۆتە پاڵ. بەڵام مێژوو؛ و خودا لە سەرووی هەموو شتێکەوە، شایەتحاڵی ئەوەن کە من هەمیشە پاڵپشتی مافەکانی خەڵک بووم و بەردەوامیشم، بەبێ جیاوازی، بۆ ئەوەی لەگەڵ حەقیقەتدا بوەستم و درۆ ڕەت بکەمەوە، بەبێ گوێدانە سەرچاوەکەی."

دووپاتیشی دەکاتەوە کە، "ئێمە پێمان وایە چارەسەرەکە تەنها لە ڕێگەی گفتوگۆی ڕاستگۆیانە و ڕێزگرتن لە دەستوور و مامەڵەی یەکسان لەگەڵ هەموو هاووڵاتیان دەتوانێت بێت."



PM:12:19:11/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 916 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت