مەسرور بارزانی: کەریم شنگالی لە هەموو قۆناخەکانی خەباتی گەلی کوردستاندا پێشمەرگەیەکی ماندوونەناسی ئازا بوو
وێستگەنیوز_
کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی پێشووی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە تەمەنی 75 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. بەو بۆنەیەوە، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "پێشمەرگەیەکی ماندوونەناسی ئازا و تێکۆشەرێکی ناسراو بوو."
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی سەرەخۆشییدا دەڵێت، "هەواڵی کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو کەریم شنگالی، وەزیری پێشووی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و سەرکردەی دیار و ناسراوی پارتی دیموکراتی کوردستان، زۆر خەمباری کردم."
هەروەها ئاماژەی بە خەباتی کەریم شنگالی کردووە و رایگەیاندووە، "کاک کەریم شنگالی لە هەموو قۆناخەکانی خەباتی گەلی کوردستاندا پێشمەرگەیەکی ماندوونەناسی ئازا و تێکۆشەرێکی ناسراو و کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر بوو."
دەشڵێت: "لە هەموو ئەرک و بەرپەرسیاریەتییەکانیدا، زۆر بە دڵسۆزی و لێهاتووییەوە کارەکانی جێبەجێ دەکرد و کەسێکی وەفادار و جێی متمانە بوو، سەرخۆشی لە ماڵباتی کەریم شنگالی، هاوڕێیانی و پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم".
PM:11:20:10/06/2025
ئهم بابهته 1148
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت