مەسعود بارزانی: بڕینی مووچە و سیاسەتی برسیكردنی بە کۆمەڵی گەلی كوردستان هیچ جیاوازیەكی لەگەڵ ئەو جینۆسایدە نییە کە رژێمی پێشوو دژی کورد کردی


وێستگەنیوز-

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە بڵاوکردەوە.


لە پەیامەکەدا هاتووە، "بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەكاتێكدا بەرەو ئەو جەژنە پیرۆزە دەڕۆین كە بە بڕیارێكی ناڕەوا و زاڵمانە قووت و مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەلایەن دەستەڵاتدارانی بەغداوە بڕدراوە، بڕینی مووچە و سیاسەتی برسیكردنی بە کۆمەڵی گەلی كوردستان هیچ جیاوازیەكی لەگەڵ ئەنفال و كیمیاباران و ئەو جینۆسایدە نیە كە ڕژێمی پێشوو لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی دا. بەڵام ئیرادەی گەلی كوردستان لە هەموو ستەمكاری و تاوان و ئەنفالێك بەهێزتر و بەرزترە. با ئەوانەی دژایەتیی خەڵک و هەرێمی کوردستان دەکەن ئاوڕێك لە مێژوو بدەنەوە، گەلی كوردستان لە بەرانبەر هەموو گوشار و زەبروزەنگێكدا خۆڕاگر بوو و بە سەر نەیار و تاوانباراندا سەركەوت، و هەر پەشیمانی بۆ زۆرداران مایەوە".

وتیشی، "لەم بۆنە پیرۆزەدا وێڕای ئەوەی سوپاسی خۆڕاگری و جوامێری و سەربەرزیی تاك بە تاكی گەلەكەمان دەكەم، لە خودای مەزن داواكارم خێر و ئاسوودەیی بۆ كوردستان و عێراق و ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەكەمان و هەموو جیهان بەدی بهێنێت".


PM:07:54:05/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 1476 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو