كۆمه‌ڵی دادگه‌ری: نابێت خه‌ڵكی باجی گه‌نده‌ڵی خه‌ڵكانێك بدات، كه هه‌رێمیان به‌م دۆخه گه‌یاندووه
وێستگه‌نیوز-
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان رایگه‌یاند كه له‌م به‌ره جه‌ژنانه‌دا قه‌یرانی مووچه خولقێنراوه و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم و به‌غدا لێی به‌رپرسن، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه كه "نابێت خه‌ڵكی باجی گه‌نده‌ڵی خه‌ڵكانێك بدات، كه هه‌رێمیان به‌م دۆخه گه‌یاندووه".
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی مه‌كته‌بی عه‌لی باپیر، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی عه‌لی باپیر له شاری هه‌ولێر كۆبوویه‌وه و هه‌ریه‌ك له پرسه گرنگه‌كانی رۆژی ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری و پرسی مووچه‌ی مووچه‌خۆران تاووتوێ كران.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه "سه‌باره‌ت به پێنه‌دان و دابه‌شنه‌كردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری به نیگه‌رانییه‌وه له دۆخی مووچه‌خۆرانی ڕوانی و ڕایگه‌یاند، كه له‌م به‌ره جه‌ژنانه‌دا قه‌یرانی مووچه بۆ مووچه‌خۆران خولقێنراوه و بارودۆخێكی سه‌ختیش خراوه‌ته به‌رده‌میان، كه ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن مووچه‌خۆران به‌بێ پاره ئه‌م جه‌ژنه‌یان به‌ڕێ بكه‌ن، ئه‌م قه‌یرانه‌ش ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم و به‌غدا لێی به‌رپرسن".
سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری جه‌ختیشی كرده‌وه، كه "له شه‌ڕی سیاسی و هه‌ڵبژان دواجار هه‌ر هاووڵاتیان له‌و نێوه‌نده‌دا ده‌بنه قۆچی قوربانی و باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن، بۆیه پێویسته به زووترین كات به‌رپرسانی هه‌رێم ئه‌م دۆخه ناهه‌مواره له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق چاره‌سه‌ر بكه‌ن و پابه‌ند بن به بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و یاسای بوودجه‌ی عێراقه‌وه".
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ ده‌ڵێت: "نابێت چیدیكه خه‌ڵكی كوردستان باجی گه‌نده‌ڵی و تاكڕه‌ویی بڕیاری خه‌ڵكانێك بدات، كه ئه‌م هه‌رێمه‌یان به‌م باروودۆخه گه‌یاندوه".
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه، سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری له ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا به وردی تاووتوێی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقی كرد و لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كانی بۆ ئه‌نجامدانی كاری پێویست و گرنگ ڕاسپارد.
هاوكات ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی له باره‌ی كۆنگره‌ی پێنجه‌مه‌وه گفتووگۆی كرد و دوای خوێندنه‌وه‌ی ڕاپۆرتی لیژنه‌ی ئاماده‌كاریی كۆنگره و گوێگرتن له سه‌رنج و تێبینییه‌كانی ئۆرگانه‌كان، بڕیاری دا "له ڕۆژانی 22 و 23ی 6 كۆنگره‌ی پێنجه‌می كۆمه‌ڵی دادگه‌ری ئه‌نجام بدرێت".
PM:10:21:04/06/2025
ئه‌م بابه‌ته 480
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت