هەولێر.. کەسێک بە تۆمەتی فرۆشتنی ئامێری تایبەت بە گزیکردنی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 دەستگیرکرا


وێستگەنیوز_

ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی کەسێکی راگەیاند کە "تۆمەتبارە بە فرۆشتنی ئامێری بلوتوس تایبەت بە گزیکردن، کە لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەکاردەهات."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 3ی حوزەیرانی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، بە هەماهەنگی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لەلایەن تیمەکانیانەوە، "ناسنامەی تۆمەتبارێکمان ئاشکرا کرد، بەناوی (م. ک. خ) دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیرمان کرد."
 
ئاسایشی هەولێر دەڵێت: تۆمەتبارەکە "کاری فرۆشتنی ئامێری (بلوتوس) کە تایبەتە بە (گزیکردن/ غش) دەکات، چەند ئامێرێکی لە شاری بەغداوە دەربازی ناو شاری هەولێر کردبوو بە مەبەستی ئەوەی ساغیان بکاتەوە، بەڵام بەر لەوەی ئامێرەکان ساغ بکاتەوە، دەستمان بەسەر ئامێرەکاندا گرت."
 
ئاماژەی بەوە کردووە، ساڵانە لەکاتی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ژمارەیەک پەیج و ئەکاونت بانگەشەی فرۆشتی ئەو ئامێرانە دەکەن، کە قەدەغەیە و رێگەپێدراو نییە، بۆیە هەر کەسێک کاری کڕین و فرۆشتن بەو ئامێرانەوە بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و دەدرێتە دادگا.


PM:09:12:03/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو