بەرگریی شارستانیی هەرێم: ئەمساڵ بەهۆی کەمی دابارین رێژەی مار و دووپشک زیادیانکردووە


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێم لەبارەی زیادبوونی مار و دووپشک هۆشداری دەدات بە هاوڵاتییان.


ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئایاری 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێم رایگەیاند، "ئەمساڵ بەهۆی کەمی دابارین و وشکبوونی زەوییەکان و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی، ڕێژەی مار و دووپشک لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتیش لە گوند و دەشت و ناوچە کشتوکاڵییەکان بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیاتر بووە".

ئاماژە بەوەکراوە، لەپێناو سەلامەتی خۆتان و کەسوکارتان رەچاوی ئەم رێنماییانەی خوارەوە بکەن، رێنماییەکانی خۆپاراستن لە ماڵەوە:

- هەوڵ بدە کون و کەلەبەرەکانی خانوو و حەوشەی ماڵەوەت یاخود شوێنی ئاژەڵان بەتەواوی دابخەیت تاوەکو خشۆکەکان نەتوانن بەئاسانی زاووزێ بکەن و تێیدا بمێننەوە.

- بۆ ئەو کەسانەی باخچەیان هەیە، هەوڵ بدەن گژوگیای زیادە قڕ بکەن و رێژەی رووتەنی خاکەکە زیاتر بێت، چونکە خشۆکەکان لەنێو گژوگیا زیاتر دەمێننەوە و لەوێ خۆیان حەشاد دەدەن.

- بۆ ئەو کەسانەی خانوو یاخود باخیان لە دەرەوەی شار هەیە، با دەوروبەری شوێنی مانەوەی رووناکیی پێویستی هەبێت.

- ئەگەر گومان دەکەیت ئەو ناوچەیەی کە لێی دەمێنیتەوە ژینگەیەکی لەبارە بۆ مار و دووپشک و خشۆکەکان، لەژێر ڕێنمایی کەسانی پسپۆر دەوروبەری ماڵەکەت دەرمانڕێژ بکە، بەڵام ئاگاداری منداڵ یان ئەو کەسانە بن کە هەستیارییان هەیە.

- لەکاتی کارکردن لەناو باخچە یان زەوی و زار، جلوبەرگ و پێڵاوی گونجاو لەبەر بکە و ئاگاداری هەنگاوەکانت بە لەکاتی رۆیشتن.

چی دەکەیت ئەگەر مار یان دووپشکت بینی؟

- هێمن بەرەوە و هەوڵ بدە بگەڕێیتە دواوە و وازی لێبێنیت، هەوڵی کوشتنی مەدە و لێیگەڕێ خۆی شوێنەکە جێدەهێڵێت.

- ئەگەر مار هاتە ناو ماڵەکەت یان، ئۆتۆمبێلەکەت پەیوەندی بە هێڵی گەرمی تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە بکە (115).


PM:04:24:02/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 1132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت