شەرقولئەوسەت: فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان هانا بۆ دادگای فیدراڵی دەبەن


وێستگەنیوز_

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە راپۆرتێکیدا دەڵێت، پێدەچێت  فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان جگە لە دادگای فیدراڵی هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نەدۆزیبێتەوە بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان، ئەوەش دوای ئەوەی  ناکۆکییە دارایی و تەکنیکی و سیاسییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، هەندێک جار مووچەکەیانی دواخستووە، یان هەر پێیان نەدراوە.

رۆژی یەکشەممەی رابردوو، ژمارەیەک فەرمانبەری هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی سکاڵای یاساییان دژی دواکەوتنی مووچەکانیان کرد.

ئەمەش پاش ئەوە هات، تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی، بڕیاری دا بە راگرتنی بودجەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەكانیان، ئەمەش بە بیانوی ئەوەی هەرێمی کوردستان پشکی بودجەی دیاریکراوی خۆی(12.67%) لە بودجە تێپەڕاندووە، ئەم بڕیارەش بۆ جارێکی دیکە قەیرانێکی سیاسی نوێی لە نێوان بەغدا و هەولێر هێنایە کایەوە.

شەرقولئەوسەت دەڵێت: فەرمانبەرە کوردەكان داوایان کردووە، دادگای فیدراڵی فەرمانی سالاری (وەزاری) دەربکات بۆ راگرتنی بڕیارەکەی وەزیری دارایی، بە راگرتنی بودجە بۆ مووچەی فەرمانبەران لە کوردستان. 

فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دەیانەوێت "وەزارەتی دارایی فیدراڵی پابەند بکرێت بە پێدانی مووچە، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیارێکی پێشووی دادگاكە، کە لە مانگی شوباتی ساڵی رابردوودا دەرچووە."

هاوكات، "پابەندكردنی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەوتینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەت و پارێزگاكان و فەرمانگە نەبەستراوەكان بە وەزارەتەكان و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان، لە بانکە حکومییە فیدراڵییەكان کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان کاردەکەن."


AM:11:48:02/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو