رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی: تورکیا لە ماوەی هەفتەیەکدا 128 جار هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی سنووری ئامێدی


وێستگەنیوز-

رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی رایدەگەیەنێت، سوپای تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر سنووری قەزای ئامێدی، ئاماژەی بەوەشدا لە ماوەی هەفتەیەکدا تورکیا 128 ‌هێرشی بۆ سنووری ئامێدی ئەنجام داوە.


کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی رایگەیاند، "لە رۆژی 24ی ئایارەوە تاوەکو 30 ئایاری 2025 سوپای تورکیا 83 جار هێرشی کردووەتە سەر چیای نزارکێ، لە سنووری ناحیەی شیلادزێ لە قەزای ئامێدی".

ئاماژەی بەوەشکرد، "تەواوی هێرشەکان بۆ سەر یەک شوێنی دیاریکراوبوون و هەموو رۆژێک لەڕێگەی تۆپخانەکانییەوە، سوپای تورکیا ئەو شوێنەی تۆپباران کردووە".

کامەران عوسمان وتی، "لە هەمان کاتدا، بەتەنیا لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا، سوپای تورکیا 45 جار تۆپبارانی گوندەکانی (بەری گارێ)ی لە سنووری ناحیەی دێرەلوک لە قەزای ئامێدی کردووە، بەمەش لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 128 هێرش و هەمووشی تۆپباران بووە".

وتیشی، "هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی، بەڵام بەردەوامی تۆپباران و هێرشەکان بوونەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ دانیشتووانی سنووری قەزای ئامێدی".


PM:04:25:31/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو